رووداو دیجیتاڵ
لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023 حکومەتی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالنی ئەڵمانیا بە مەرسوومێکی هەرێمی بڕیاریدا دیپۆرت کردنەوەی کوردانی ئێزدی بۆ ماوەی سێ مانگ رابگرێت. وەزیرێکی ئەو هەرێمە بە رووداوی راگەیاند، دەسەڵاتی ئەوان بۆ درێژکردنەوەی ئەو بڕیارە سنووردارە و بۆ راگرتنی یەکجارەکیی دیپۆرتکردنەوەکە، دەبێت حکومەتی فیدراڵی بڕیار لەوبارەیەوە بدات.
یوسێفین پۆل، وەزیری خێزان و یەکسانی و گونجاندن لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن کاری بۆ ئەو مەرسوومە تایبەتە کردووە و ئێستا هەوڵدەدات لە سەر ئاستی ئەڵمانیا دیپۆرتکردنەوەی کوردی ئێزدی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بوەستێنێت، پۆل لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ رووداو شرۆڤەی بڕیارەکەی کرد.
یوسێفن پۆل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، هەرێمەکان دەرفەتی زۆر سنوورداریان هەیە؛ "ئێستا ئێمە بۆ ماوەی سێ مانگ فەرمانی راگرتنی دیپۆرتکردنەوەمان دەرکردووە و ئەوپەڕی دەتوانین جارێکی دیکە درێژی بکەینەوە، ئەوەی لە توانای هەرێمەکەماندایە، ئەوپەڕی تا شەش مانگی دیکە دەبێت. بەگوێرەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی فیدراڵ لە سەرەتای ساڵەوە داویەتی، تەنیا دەتواندرێت بڕیارەکە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت و تەنیا وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت ئەو کارە بکات."
ئەوە لەکاتێکدایە، لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی ئاوارەبوون، بەشێکیشیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا پەنابەربوون کە زۆربەیان لە ئەڵمانیا گیرسانەوە.
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدی، لە هاوینی ئەم ساڵدا 70 کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیا داوای ناردنەوەیان بەدەست گەیشتووە، 15ی دیکەش نێردراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لەوێ پەنجە مۆریان کردووە، یەک کۆچبەری کوردی ئێزدی گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان و 200 خێزانیش تا ئێستا مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا پێنەدراوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2022 نزیکەی 252 هەزار و 422 پەناخواز لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە کە 5.8٪ لەوانە خەڵکی عێراق بوون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری خێزان، یەکسانی و گونجاندن لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالنی ئەڵمانیا:
رووداو: ئێوە دەتوانن بە کورتی بۆمان روونبکەنەوە کە بە چ شێوەیەک ئەو مەرسوومە تایبەتە بەکاردێنن بۆ رێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە هەرێمەکەتان؟
یوسێفین پۆل: ئێمە دەبینین کە دۆخی ئیزدییەکان لە باکووری عێراق زۆر خراپە، بە تایبەتی بۆ ژن و منداڵەکانیان، ئەمە لە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی ئەوانەوە دیاردەکەوێت، ئێمە لەزۆر لایەوە راپۆرتمان لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ دەهات، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بەکۆی دەنگ کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بە جینۆساید ناساند، بۆ ئێمە ئەمە واتای ئەوە دەگەیێنێت کە ئەو ئێزدییانەی ئێستا لە هەرێمەکەمان دەژین دەمانەوێ ئاسوودەیان بکەین، هەرچەندە تواناکانمان سنووردارن کە بتوانینین هەموو شتێکیان بۆ بکەین، بەڵام ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێگەیاند، پێویستە حکومەتی ناوەندی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت کە توانا و دەسەڵاتی زۆر لە ئێمە زیاترە بەپێی یاسا ژیانێکی باشتر بۆ ئەوان لێرە بڕەخسێنێت، بەڕاستی ئەمە لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدایە.
رووداو: ئەو رێگریکردنە لە دیپۆرتکرنەوەی کوردانی ئێزدی تەنیا ژن و منداڵان دەگرێتەوە یاخود گەورەکانیش دەگرێتەوە؟
یوسێفین پۆل: ئێمە لە مەرسوومەکەماندا ئەوەمان بە روونی روونکردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتی دۆخی ژن و منداڵان ئەو دیپۆرتکردنەوە بوەستێندرێت بۆ کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵان، چونکە ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی ژن و منداڵان لەوێ بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ژیانیان چەند زەحمەتە، بەتایبەتی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و یان ئەوانەی دۆخێکی تایبەتیان هەیە.
رووداو: خانمی وەزیر، لە لێدوانێکی وەزارەتەکەتاندا هاتووە، بە کورتی کەوانەیەک دەکەمەوە؛ (جارێکی دیکە داوا لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و وەزیر فێزەر دەکەم لە زووترین دەرفەتدا ئاسۆیەکی سەقامگیر و مسۆگەر بۆ ئێزدییەکان فەراهەم بکەن). واتە ئێوە کار لەسەر ئەوە دەکەن دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان لە سەرتاسەری ئەڵمانیا رابگیرێت؟
یوسێفن پۆل: هەرێمەکان دەرفەتی زۆر سنووردارکراویان هەن. ئێستا ئێمە بۆ ماوەی سێ مانگ فەرمانی راگرتنی دیپۆرتکردنەوەمان دەرکردووە و ئەوپەڕی دەتوانین جارێکی دیکە درێژی بکەینەوە، ئەوەی لە توانای هەرێمەکەماندایە، ئەوپەڕی تا شەش مانگی دیکە دەبێت. بەگوێرەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی فیدراڵ لە سەرەتای ساڵەوە داویەتی، تەنیا دەتواندرێت بڕیارەکە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت و تەنیا وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت ئەو کارە بکات.
رووداو: ئێوە دەزانن چەند ئێزدی لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن دەژین؟ لە ماوەی رابردوودا، بەتایبەتیش لەدوای 2014ـەوە ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان دێنە ئەڵمانیا.
یوسێفین پۆل: کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێزدییەکانمان لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن هەیە، بێگوومان لەدوای جینۆسایدی 2014 و تاوانە دڕندانەکانی داعش ژمارەکەیان زیاتر بووە. بەو پێیەش، کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێزدییەکانمان هەیە و هەربۆیەش بە خۆمان گوت کە بەرپرسیارێتییەکمان هەیە. روومان لە دەسەڵاتی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی دەریبخەین کە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکگرتوو لەسەر ئاستی فیدراڵی بۆ ئەم گرووپە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بەرپرسیارێتیی خۆمان لە نۆردڕاین ڤێستفالن دەبینین و ئێستا فەرمانی راگرتنی دیپۆرتکردنەوەمان دەرکردووە، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە کە هەرێمەکەمان دەسەڵاتی سنووردارکراوی هەیە و ئەوپەڕی بۆ ماوەی دیپۆرتکردنەوەکە بۆ ماوەی شەش مانگ دەوەستێت و ئەوەی ئێستا پێویستە، ئەوەیە کە چارەسەرێکی یەکگرتوو لەسەر ئاستی فیدراڵی بدۆزرێتەوە و بەیاسا مسۆگەر بکرێت.
رووداو: لەو کاتەوەی پۆستی وەزیرتان وەرگرتووە، چۆن پرسی خۆگونجاندنی ئێزدییەکان و کەسانی نەتەوەی دیکە لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن هەڵدەسەنگێنن؟
یوسێفین پۆل: نۆردڕاین ڤێستفالن تەقلیدەکا دوورودرێژ هەیە دگەل کۆچکرنا خەلکێ بۆ ڤێ دەرێ؛ ئەم هەرێمەکا کۆچکرنێ یا پڕ رەنگین. ئەم ل سەر وێ چەندێ ئاڤا دکن کو ئەم هەرێمەکا پڕ رەنگین. گۆنجاندن و بەشداریکرنا رەنگێن جۆدا د جڤاکێدا ئەم؛ ئەڤ جڤاکە دروستکرییە و ئەم د قۆناخێن جۆدا یێن هەرێمێ دا بهێزکرینە. و ئیرۆ مە بنەڕەتەکێ بەرفرەهێ گۆنجاندنێ هەیە. ژ ئالییەکێ ڤە ئەو بنگەهێن پرۆفیشناڵ یێن مە هەیی د رێیا ئیدارەدانێن گۆنجاندنێ یێن شارەدارییان، ناڤەندێن گۆنجاندنێ یێن شارەدارییان، و ئاژانسێن گۆنجاندنێ یێن رێکخراوێن ئالیکاریکرنێ لێ مە بنگەهەکێ گەلەک و گەلەک بەفرەهێ رێکخراوێن جڤاکا سڤیل هەیە کو رێکخراوێن بیانیانن و دەربارەیی پرسێن جۆدا بهەڤ دگەهن و کار دکن. مە براستی بنگەهەکێ گەلەک بەرفرەهێ ئینتەگراسیۆنێ هەیە کو ئەم دکارین ل سەر ئاڤا بکین. بێگومان دێ هەر پرس هەبن کو پێویستە ئەم باشتر بکن و بتایبەتی ژ بۆ وان کەسان یێن د ساڵێن دەربازبوویدا هاتینە جەم مە. واتە باشترکرنا ناڤەندێن ئینتەگراسیۆنێ د بیاڤێ کورسێن زمانیدا، دانپێدانێن بلەز یێن باوەرنامەیێن خواندنێ و کارکرنێ و زووپێدانا دەرفەتان ژ بۆ بەشداریکرنێ د جڤاکێدا.
یوسێفین پۆل: نۆردڕاین ڤێستڤالن نەریتێکی دوورودرێژی هەیە لەگەڵ کۆچکردنی خەڵک بۆ ناوچەکە، ئێمە هەرێمێکی زۆر فرەرەنگی کۆچکردنین. ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بنیات دەنێین کە ئێمە هەرێمێکی زۆر فرەرەنگین. گونجاندن و بەشداریکردنی رەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، ئەم کۆمەڵگەیەی دروست کردووە و ئەمە ئێمەی لە قۆناخە جیاوازەکانی هەرێمەکەدا بەهێزتری کردووە. و ئەمڕۆ ئێمە بناخەیەکی بەرفراوانی گونجاندنمان هەیە. لە لایەکەوە ئەو بنەما پێشەییانەی کە هەمانە لە رێگەی بەڕێوەبردنی گونجاندنی شارەوانییەکان، ناوەندەکانی گونجاندنی شارەوانییەکان و ئاژانسەکانی گونجاندنی رێکخراوە هاوکارییەکان، بەڵام ئێمە بناخەیەکی زۆر زۆر بەرفراونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیمان هەیە کە رێکخراوی بیانین و سەبارەت بە مژاری جیاواز دەگەن یەکتر و کار دەکەن. ئێمە بە راستی بنەمایەکی زۆر فراوانی ئەنتگراسیۆنمان (تێکەڵکردنمان) هەیە کە دەتوانین لە سەری بنیات بنێین. بێگومان کێشە هەر دەبن کە پێویستە ئێمە چارەسەریان بکەین و بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ساڵانی رابردوودا هاتوونەتە لای ئێمە؛ واتە باشترکردنی ناوەندەکانی ئەنتگراسیۆن لە بواری کۆرسی زماندا، دانپێدانەکانی خێرای بڕوانامەی خوێندن و کارکردن و زوو دەرفەتدان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا.
رووداو: خانمی وەزیر، ئایا حکومەتی هاوپەیمانی سەوز- سوور - زەرد-ی ئەڵمانیا، هەروەها لە ئاستی ئەوروپاشدا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر یاسای نوێی سیستمی پەناخوازی؟ سەبارەت بەمە چی دەڵێن؛ ئایا ئەمە قۆناخێکی نۆێیە لە ئەوروپا بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بێنە ئێرە یان ئەمە بە شێوەیەکی باشتر پرسی کۆچی نائاسایی رێکدەخات؟
یوسێفین پۆل: ئێمە ئێستا دەبینین کە کۆچکردن زیادی کردووە، نە تەنیا لە ئۆکرایناوە؛ نۆردڕاین ڤێستفاڵن 230 کەسی تەنیا لە ئۆکراینا وەرگرتووە، سەرەڕای ئەمەش، لە زۆر شوێنی جیهانەوە خەڵک لەو ناوچانەی کە شەڕ و قەیرانی لێیە، دێن. ئەمەش بەو واتایە دێت کە پێویستە ئێمە خەمێک لە ئاراستەکردنی کۆچبەریی و گونجاندن بخۆین. ئێمە دەبینین کە لە سەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا بارودۆخێک هاتووەتە ئاراوە کە بەمشێوەیە قبووڵ ناکرێت، بۆیەش باش و راست بوو کە لە سەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا کار لەسەر ئەم دۆخە بکرێت. ئەمە رێکخستنێکی هاوبەشە بۆ مرۆڤایەتیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتێکی کۆچبەریی ئاراستەکراو و رێکوپێک هەیە. ئێمە خەمی ئەوەمان هەڵگرتووە و کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو کەسانەی لە بارودۆخی تایبەتدان پێویستیان بە پاراستن و پشتیوانیی تایبەت هەیە. ئێمە ئێستا لە پرۆسەکاندا دەبینین کە بە پێی ئەوە کار دەکرێت، بەڵام بۆ سەرەتا هەنگاوێکی دروستە و هاوکات لەگەڵ رێککەوتنەکان لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا، گواستنەوەیەک بۆ میکانیزمی هاوسۆزی و دابەشکردنی کۆچبەران هەیە. دەبینین تەنیا لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا چارەسەری دروست و بەردەوام بە ئاراستەی مرۆڤایەتیکردنی پرۆسەکانی کۆچکردن دەدۆزینەوە.
رووداو: خانمی وەزیر زۆر سوپاس. هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن پێشەنگ بووە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان، لە ساڵانی 90 وەزیر شنوور کاری لەسەر پرسی ئێزدییەکانی تورکیا دەکرد، ئێستاش ئێوە. لەسەر ئاستی ئەڵمانیا هاوسۆزییەکی زۆر بۆ ئێزدییەکان هەبووە. زۆر سپاس بۆ تەرخانکردنی کاتتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ