رووداو دیجیتاڵ
لە شاری پراگی پایتەختی چیک، خوێندکارێکی تەمەن 24 ساڵان، باوکی دەکوژێت و دواتر لەنێو باڵەخانەی زانکۆی پراگ، 14 کەسی دیکەش دەکوژێت و 25ی تر بریندار دەکات کە 10یان تەندروستیان ناجێگیرە.
حکومەتی چیک بڕیاریدا، ئەمڕۆ هەینی بکاتە پرسەی سەرتاسەری.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی چیک، دەیڤد خوێندکارێکی زۆر زیرەک بووە هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە و لە بەشی مێژووی زانکۆکە خوێندوویەتی، بەڵام هێرشەکەی بۆ سەر بەشی فەلسەفە بووە. پۆلیسیش رایدەگەیەنێت هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە کە بە گەورەترین رووداوی تەقەکردن لە مێژووی ئەو وڵاتە دەبینرێت، بەردەوامە.
مارتن ڤۆندراسک، بەڕێوەبەری پۆلیسی پراگ رایگەیاند، لەکاتی هێرشەکەدا، دەیڤد چەندین جۆرە چەکی پێبووە و سەرەتا لە ناوچەیەکی دەرەوەی پراگ، باوک و منداڵێکی ساوای کوشتووە و دواتر رووی لە زانکۆکە کردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردووە، دوای چوونی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، تەرمی هێرشکارەکەشیان دۆزیووتەوە، دواتر پۆلیسی ئاشکرای کرد کە دەیڤد خۆی کوشتووە.
ڤیدیۆیەکی دیکەی هێرشە چەکدارییەکەی پراگی چیک؛ گەنجێک لەنێو باڵەخانەی زانکۆ تەقە لە خوێندکاران دەکات و دواتر دەکوژرێت pic.twitter.com/2cfLshlTK6
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 21, 2023
پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات، رۆژێک پێش هێرشەکان، دەیڤد لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلەگرام، پەیامێکی نووسیووە و رایگەیاندووە دەیەوێت خۆی بکوژێت، یان خەڵک بکوژێت و دەڵێت، "هەمیشە ویستوومە خەڵک بکوژم".
لەگەڵ ئەوانەشدا، ڤیت راوکسن، وەزیری ناوخۆی چیک، رەتیکردەوە هێرشکارەکە هیچ پەیوەندییەکی بە گرووپە تووندڕەوەکانەوە هەبووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ