ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دابینکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کۆببێتەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا بە گۆڕانکارییەکانی نێو پرۆژە بڕیارەکە رازی بوو، رایگەیاند پشتگیریی لەو پڕۆژەبڕیارەکە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، بڕیاربوو ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو غەززە دەنگ بدات، بەڵام بەهۆی رازی نەبوونی ئەمریکاوە، دەنگدانەکانە بۆ رۆژی هەینی دواخراوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا رازی بوو بەو گۆڕانکاریانەی لەنێو پرۆژە بڕیارەکەدا کرا.
پڕۆژە یاساکە لەلایەن ئیماراتەوە ئامادە کراوە و داوای ئاگربەستێکی خێرا و گەیاندنی بەپەلەی هاوکاری مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە دەکات.
لەدوای هەموارکردنەوەی پرۆژە بڕیارەکە، دوا کۆپی ئەو پرۆژەیە داوای دروستکردنی دۆخێک دەکات تاوەکو بتوانرێت ئاگربەستێک رابگەیێندرێت و هاوکاریی بگەیەننە غەززە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، خاڵی ناکۆک لەسەر چاودێریکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان بووە بۆ نێو غەززە. ئێستا ئیسرائیل چاودێری سەرجەم ئەو هاوکاریانە دەکات کە دەچنە نێو غەززەوە. بەڵام وڵاتانی عەرەبی داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری ئەو کاروانانە بکات.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە، لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، 13یان دەنگیان بەو پرۆژەبڕیارە دا، کە داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکاری دەکات، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە ڤیتۆ کرا.
هەروەکو ئیسرائیل، ئەمریکا هەمان بۆچوونی هەیە کە ئاگربەست هاوکاری حەماس دەکات بەوەی بتوانێت خۆی رێکبخاتەوە.
گفتوگۆکان تایبەت بە گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەست لەکاتێکدایە، جەنگی غەززە 77 رۆژە بەردەوامە و بەهۆی ئەو جەنگەوە، زیاتر لە 20 هەزار فەلەستینی کوژراون، لە بەرامبەردا لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون.
مانگی رابردوو، ئیسرائیل و حەماس بەنێوەندگیری قەتەر و میسر، ئاگربەستێکی یەک هەفتەییان راگەیاند، کە حەماس 110 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازاد کرد و ئیسرائیلیش 240 گیراوی فەلەستینی ئازاد کرد.