پێنج جۆر ژیژکی بێ دڕک دۆزرانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
توێژەرانی بواری زیندەناسی، دوای پشکنینی چڕ، پێنج ئاژەڵی قەبارە بچوکی شیردەریان وەکو جۆری جیاوازی ژیژک تۆمار کرد.
 
ئاژەڵەکان لە دارستانەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دۆزراونەتەوە و پێشتر لە زانستی زیندەناسییدا وەکو ژیژک پۆلێن و تۆمار نەکراون.
 
ژیژک یان ژوشک گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و دەتوانێت لە هەلومەرجی جیاوازدا بژی وەک بیابان، دارستان، ساڤانا و باخچە گشتییەکان. هەروەها یەکێکە لەو گیانەوەرانەی کە سوڕی متبوونی هەیە و ساڵانە لە وەرزی زستاندا مت دەبێت و تاوەکو بەهار چالاک نابێتەوە.
 
ئەوەی جێی سەرنجە، لەکاتێکدا جۆرەکانی دیکەی ژیژک لە رووکاری دەرەوەیان دڕک (لە هەندێک ناوچە پێی دەڵێن سیچڕک)یان هەن، بەڵام ئەو پێنج جۆرەی تازە دۆزراونەتەوە، فەرووی نەرمیان هەن.

 

 
د. مێلیسا هاوکینس، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکەیە و لە مۆزەخانەی نیشتمانیی سمیسۆنیان بۆ مێژووی سرووشتی لە واشنتن دیسی کار دەکات، بە BBC راگەیاندووە، "دۆزینەوەکە فرەچەشنییەکی نایاب پێشاندەدات لەسەر هەسارەکەمان کە هێشتا پێویستە زیاتریان لێ ئاشکرا بکرێن".
 
هەروەها دەڵێت، "ئێمە پێمانوایە لەبارەی جیهانی نێو سرووشتەوە دەزانین، بەڵام لە راستیدا تەنانەت لەبارەی گرووپی مەمکدارەکانیشەوە زۆر نازانین. دۆزینەوەی لەم جۆرە دەبێ ببێتە هۆی هۆشداریی لەبارەی مەترسییەکانی سەر ژینگە و دارستانەکان".
 
لە رووی زیندەناسییەوە، مرۆڤیش جۆرێکە لە مەمکدار و شیردەرەکان.
 
ئەو پێنج جۆرە نوێیەی ژیژک کە دۆزراونەتەوە قەبارە بچووک، لووت درێژ، فەروو نەرم و ددان تیژن، بەجۆرێک کە ئەگەر قەبارەیان گەورەتربووایە، ئەوا وەکو ئاژەڵی مەترسیدار پۆلێن دەکران.
 
ژیژک بە گشتی گۆشتخۆرە و زۆرتر زیندەوەرە بێ بڕبڕەکان دەخوات، وەک کرم، قالۆنچە، کرمۆکە، بۆقی بچووک، قرتێنەری بچووک، باڵندەی بچووک، هێلکە و میوەکان.
 
توێژینەوەی دۆزینەوەی پێنج جۆرە نوێیەکەی ژیژک لە گۆڤاری زانستیی Zoological، لە رۆژی 21-12-2023 بڵاوکراوەتەوە.