ئاستی ناجێگیری پۆل پۆگبا مشتومڕی ناوەتەوە

22-12-2015
رووداو وەرزشی
..پۆل پۆگبا
..پۆل پۆگبا
نیشانەکردن پۆل پۆگبا
A+ A-

لەگەڵ ئەوەی لە دوایاریی یوڤێنتۆس لە خولی ئیتاڵیا پۆل پۆگبای یاریزانی فەڕەنسی گۆڵێکی تۆماركرد، بەڵام بە گوتەی چاودێرانی وەرزشی، ئاستی ئەم یاریزانە لەم وەرزەدا دابەزیوە و وەكو وەرزی رابردوو نییە، لە كاتێكدا وەرزی رابردوو پۆگبا ئامانجی چەند یانەیەكی گەورەی ئەوروپا بوو بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵدا واژووبكەن.

وەرزی رابردوو قسە و باسی زۆر لەسەر ئاستی پۆل پۆگبای ئەستێرەی یانەی یۆڤینتۆس و درەوشانەوەی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەیدا کرا و قسە و باسەکان گەیشتنە ئەوەی هەموو یانە زەنەلاحەکانی ئەوروپا لە ماوەی گواستنەوەدا پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی بکەن، بەڵام ئەو یاریزانە مانەوەی لە یانەکەی هەڵبژارد.

ئەمساڵ کە خولەکانی ئەوروپا لە نیوەی وەرز نزیکبووەتەوە، ئەوەی پەیوەستە بەو یاریزانەوە، نە درەوشانەوەیەتی، نە گۆڵکردن و نە ئەسیست، بەڵکو ئێستا باسەکان لە چواردەوەی پۆگبا لەوەدا چڕ دەبنەوە بۆچی ئاستی ئەو یاریزانە دابەزیوە.


گەر وەرزی رابردوو پۆگبا بە باشترین یاریزانی ناوەڕاست لەلای چەپی سێریا ئەی دەستنیشانکرابێت، ئەوا پێناچێ ئەمساڵ ناوی لە نێو پاڵێوراوانی هیچ نازناوێکدا بێت، چونکە لانی کەم ئەوەی تا ئێستا هەیە، سەرنجدانە لە بەرەوژێربوونەوەی ئاستی لاوە فەرەنسییەکە لە لوتکەوە بەرەو خوار.

لە باسکردنی دابەزینی ئاستی پۆگبادا چەندین هۆکار دەخرێنە روو، دیارترینیان وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن پێدانی درێسی ژمارە دەیە بە یاریزانێک هێشتا زۆری ماوە بۆ پۆشینی ئەو ژمارەیە کە لە مێژووی خانمە پیرەکەدا ئەستێرەکانی وەک میشێل پلاتینی، رۆبێرتۆ باجیۆ و ئەلیساندرۆ دێل پێرۆ پۆشیویانە، دەگوترێ مێژووی مەزن و فشاری ئەو ژمارەیە کاریگەریی لەسەر ئاستی پۆگبا دروستکردووە.

خاڵی دووەمی بەرپرس لە دابەزینی ئاستی ئەو یاریزانە بیرکردنەوەیە لە داهاتووی خۆی، چونکە رۆژ نییە میدیاکان باس لە رۆیشتنی بۆ یانەیەکی گەورە نەکەن و بێگومان ئەو قسانە هەرچەندە دووریش بن لە راستییەوە بیرکردنەوەکانی ئەویان پەرتکردووە و وایانکردووە لە یاریگەوە خەیاڵی لە دەرەوەی یاریگە بێت.

هۆکاری سێیەمی دابەزینی ئاستی پۆل بریتییە لە دابەزینی توانای جەستەیی ئەو یاریزانە، ئەمەش بێگومان دوای بەسەربردنی وەرزێکی گەورە لەگەڵ یانەکەیدا کە تێیدا دوو نازناوی ناوخۆیی جام و خولی بردەوە و لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگیشدا بەشداری کرد.

جیا لەوانە رۆیشتنی یاریزانە ئەستێرەکانی یۆڤینتۆس بەهۆکارێکی دیکە دادەنرێت لە دابەزینی ئاستی ئەو یاریزانە، وەرزی رابردوو پێرلۆ، ڤیداڵ و تێڤێز هاوکاری گەورەی پۆل بوون لە یۆڤینتۆسدا، بەڵام ئەمساڵ هێشتا ئەو هاوئەنگییەی لەگەڵ هیچ یاریزانێکی یانەکەدا نەدۆزیوەتەوە و زۆرجار
خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە لە ناوەڕاستی یاریگەدا.


دوا خاڵیش لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی پۆگبادا دەکرێ بەشێکی بخرێتە ئەستۆی میدیاکان و بەشێکی دیکەشی بخرێتە ئەستۆی مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی، ئەو دووانە وەرزی رابردوویان بە باسکردن و بەشان و باڵدا هەڵدانی ئەو یاریزانە بەڕێکرد و زۆرجار بە مێسی و رۆناڵدۆیان بەراورد دەکرد، بێگومان ئەوەش بۆ یاریزانێکی لاوی کەم ئەزموون، رەنگدانەوەی خراپی لەسەر بیرکردنەوەی دەبێت.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە