رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا داوا دەکات سەرکردەکانی جیهان، وەڵامێکی بەهێزتری مووشەکی هایپەرسۆنیکی رووسیا بدەنەوە، کە ئاراستەی ئۆکراینای کرد.
رۆژی پێنجشەممە 21-11-2024، ڤۆلۆدیمیر زیلینیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی ئاراستەکردنی جۆرێکی نوێی مووشەکی دەنگبڕ (هایپەرسۆنیک)ـی رووسیا، کە ئاراستەی ئۆکراینا کرا، لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "ئەمە زیادبوونێکی ئاشکرا و جیدیی دڕندانەی جەنگەکەیە".
دوای ئەوەی لە رۆژی 19-11-2024 رووسیا رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستیی دوورمەودای ئەتاکمس هێرشکراوەتە سەریان، کە ئەمریکییە. رۆژی پێنجشەممە، رووسیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی ئاراستەی ئۆکراینا کرد. رووسیا رایگەیاند: "ئاراستەکردنی مووشەکەکە وەک تاقیکردنەوەیەک بووە و ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە".
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بە مووشەکێکی بالیستیی مەودا مامناوەند، کە پێی دەگوترێت ئۆرێشنیک، لە ئۆکراینایان داوە.
زیلینسکی گوتی: "ئەمە بەڵگەی کۆتاییە کە رووسیا ئاشتیی ناوێت". سەرۆکی ئۆکراینا رەخنەی لە بێدەنگی جیهان گرت و گوتی، لەوانەیە وڵاتانی دیکە لە داهاتوو ببنە ئامانج، "پێویستە جیهان هەر ئێستا وەڵامی هەبێت، ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەهێز لە [وڵاتانی] جیهان نابینرێت".
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی: "پێویستە داوای ئاشتی لە رووسیا بکرێت، ئەگەرنا چەندین هێرش، هەڕەشە و ناسەقامگیرکردنی سەرەڕۆی رووسی دەبینین، کە تەنیا لە دژی ئۆکراینا نابن".
لەبارەی ئەو مووشەکە کیشوەربڕە، ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە گوتی: "ئەمە پێشهاتێکی دیکەی نیگەرانکەر و شڵەژێنەرە. هەموو ئەم شتانە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن".
دوجاریک جەختی لە بانگەوازی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کردەوە و داوای پابەندبوونی بە یاسای نێودەوڵەتییەوە کرد.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادیمیر پووتین لە کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەیەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، بەشێوەیەکی گونجاو وەڵاممان دەبێت".
سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەی هەروەها گوتی: "مافی ئەوەمان هەیە کە چەک لە دژی پێگە سەربازییەکانی ئەو لایەنانە بەکاربهێنین، کە چەک لە دژمان بەکار دەهێنن".
ئەمە یەکەم جار بوو سوپای رووسیا ئەم جۆرە مووشەکە لە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت. خێرایی مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی رووسیا 19 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و دەتوانێت لە دووری 18 هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
ئەم کاردانەوانەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دوای ئەوە هات، بەگوێرەی میدیای ئەمریکی رۆژی 17-11-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ