رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی شانشینەکە بکات، ئەوا دەکرێت بە فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) دەستگیر بکرێت.
گوتەبێژی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی هەینی گوتی، "بەریتانیا بەردەوام پابەند دەبێت بەو ئەرکە یاساییانەی لە یاسای نێوخۆ و یاسای نێودەوڵەتیدا دانراون."
دادگە نێودەوڵەتییەکەی لاهای رۆژی پێنجشەممە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتەنیاهوو، هەروەها یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل و محەممەد زەیف، بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماسی فەلەستینی دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکەی ICC، سێ تۆمەتبارەکە سەردانی هەرکام لە 124 وڵاتەکەی ئەندامی دادگەکە بکەن، پێویستە دەستگیر بکرێن.
دادگە نێودەوڵەتییەکە لە بڕیارەکەیدا رایگەیاندووە، لە جەنگی غەززەدا کە لە 7ی ئۆکۆتبەری 2023ـەوە دەستیپێکردووە، نەتەنیاهوو و گالانت برسیکردنی خەڵکی غەززەیان وەکو چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە و لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا، بە مەبەست هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیلی غەززە.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەڵێت، بنەمای بڕواپێکراو هەیە کە نەتەنیاهوو و گالانت بە مەبەست خەڵکی غەززەیان لە خۆراک، ئاو، دەرمان، سووتەمەنی و کارەبا بێبەش کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ