پیاوێکی ئەمریکی داوای یارمەتیی لە پۆلیس دەکات بەڵام دەیکوژن

22-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیس پیاوێکی ئەمریکی دەکوژێت دوای ئەوەی ئەو پیاوە داوای یارمەتی کردبوو بۆ ئەوەی بێن کەسێک بگرن کە چووەتە سەر ماڵی.
 
پیاوێکی ئەمریکی بەناوی براندن دەرهام، کە خەڵکی شاری لاس ڤێگاسە لە ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا، تەلەفۆن بۆ هێڵی گەرمی 911 دەکات بۆ ئەوەی پۆلیس لە کەسێک ئاگادار بکاتەوە کە چووەتە ماڵەکەی. 
 
دوای ئەوەی پۆلیس دەگەنە شوێنەکە، دەرهام لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیس تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت.
 
کچێکی 15 ساڵەی براندن لەکاتی چوونەژوورەوەی پۆلیس، خۆی لە ژوورێک حەشارداوە. دوای کوژرانی باوکی بەدەستی پۆلیس، داوای لەکار دوورخستنەوەی ئەو ئەفسەرە دەکات.
 
لە کامێرای سەر سینگی ئەفسەرەکە دەردەکەوێت کە پۆلیس دەرگەی ماڵی براندن دەشکێنن و دەچنە ژوورەوە. ماڵەکە تاریکە و کارەبای نییە، ئەفسەرەکە دەگاتە بەردەم دەرگەی ژوورێک کە ژنێک و پیاوێک وەستاون. براندن بە نیمچەڕووتی وەستاوە و دەستی دزەکەی گرتووە کە چەقۆی پێیە و ماسکێکی بەستووە. 
 
ئەفسەرەکە چەند جارێک بە هاوار داوا دەکات: "چەقۆکە فڕێبدە." دواتر گوللـەیەک دەتەقێنێت و هەردووکیان بەردەبنەوە، پۆلیسەکە دەچێتە سەر هەردووکیان و چەند گوللـەیەکی دیکە دەتەقێنێت و دەڵێت: "دەستتان بەرزبکەنەوە."
 
پۆلیس دواتر رایگەیاند، ئەو ژنەی چەقۆکەی پێبووە و چووەتە ژوورەوە ناوی ئەلیهاندرا بۆودرێکس-ە و تەمەنی 31 ساڵە.
 
ئەفسەرەکە ناوی ئەلێکساندەر بوکمانە، پارێزەری ئەلێکساندەر رایگەیاند: "ئەو هیچ تاوانێکی نەکردووە."
 
رووداوەکە لە رۆژی 12-11-2024 روویداوە، پۆلیسی لاس ڤێگاس ئێستا ئەفسەرە 26 ساڵییەکەیان مۆڵەتداوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.
 
سەرەتای رووداوەکە بەمشێوەیە بووە: براندن دەرهام تەلەفۆن بۆ هێڵی گەرمی 911 دەکات و دەڵێت: "دوو پیاو لە دەرەوەی ماڵەکەم خەریکی تەقەکردنن و دەیانەوێت بێنە نێو ماڵەکەم."
 
کاتێک پۆلیس دەگەنە شوێنەکە؛ دەبینن چەند ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم ماڵەکە جامیان شکێنراوە. 
 
ئەلیکساندەر بوکمان دەچێتە پێش دەرگەی خانووەکە و بە پێلەقە دەرگەکە دەشکێنێت، لەگەڵ چوونە ژوورەوەی گوێی لە چەند هاوارێک دەبێت. دوای تەقەکردن و گواستنەوەی دوو کەسەکە بۆ نەخۆشخانە؛ گیان لەدەستدانی دەرهام رادەگەیێندرێت و ژنەکەش بە چوار تاوان دەدرێتە دادگە.
 
کچەکەی براندن دەرهام گوتی: "قێزم لە پۆلیسی لاس ڤێگاس دەبێتەوە کاتێک بەبیرم دێتەوە، دوای کوشتنی باوکم، پێیان دەگوت دەستەکانت بەرز بکەوە. قێزم لەوە دەبێتەوە کە پۆلیس وایکرد بۆ تەواوی ژیانم بەبێ باوک بژیم."
 
پارێزەری خێزانی براندن دەرهام داوایان کردووە بە زووترین کات ئەفسەرەکە دەستگیر بکرێت.
 
چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی رایانگەیاند، پێشتر دەرهام و ئەلیهاندرا، ئەو ژنەی چووبووە ماڵەکە، لە پەیوەندیی سۆزداری بوون.
 
پۆلیس هەروەها رایگەیاند، هەرچەند بەڕێز دەرهام لە تەلەفۆن بە پۆلیسی راگەیاندبوو تەقە لە ماڵەکەی دەکرێت، بەڵام پۆلیس هیچ چەکێکیان نەدۆزیوەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا

کەیسێکی دادگە لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ رەتکرایەوە

وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتبارکردنی ترەمپی لە مامەڵەکردنی 'نادروست' لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکانی کۆشکی سپی دا رەتکردەوە. داوا دەکرێت کەیسێکی دیکەشی لەسەر لابدرێت.