سیستمی هەڵبژاردنی هۆڵەندا و بەربژێرانی کورد بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە

22-11-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، حکومەتی هاوپەیمانی ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە و ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. بەربژێرێکی کوردیش دەڵێت، بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان لانیکەم دەبێ 20 هەزار دەنگ بەدەست بهێنم.
 
هاوڕێ رەحیمی، پەرلەمانتاری پێشووی هۆڵەندا و بەربژێری ئێستای پەرلەمانی هۆڵەندا بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ئەمستردامی راگەیاند، "ماوەی دوو ساڵ پەرلەمانتار بووم و ئێستا دووبارە خۆم بەربژێرکردووەتەوە، ئەگەر دەنگی پێویست بهێنمەوە پێی دڵخۆش دەبم و لە خەباتی پەرلەمانیم بەردەوام دەبم، ئەگەریش دەنگ نەهێنمەوە دیسان هەر دڵخۆشم بەوەی دوو ساڵ لە پەرلەمان کارم کردووە."
 
ئەو بەربژێرە کوردە خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە تەمەنی 11 ساڵییەوە چووەتە ئەو وڵاتە، وەکو ئاماژەی پێدەدات، "لە هۆڵەندا 13 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و ئەگەر هەمووان دەنگ بدەن، ئەو ژمارەیە دابەشی 150 کورسی پەرلەمان دەکرێت و نزیکەی 86 هەزار دەنگ پێویستە بۆ کورسییەک، ئەگەر 25٪ـی ئەو ژمارەیە بەدەست بهێنی کە نزیکەی 20 هەزار دەنگ دەکات، راستەوخۆ دەچییە نێو لیستی پەرلەمانتاران".
 
 
کێشەی پەنابەران بووە هۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە
 
هۆڵەندا دەیەوێت وەکو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا وەرگرتنی پەناخوازان کەمبکاتەوە، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەنداش پاڵپشتی لەو سیاسەتە دەکات، بەڵام کاتێک پرسەکە گەیشتە قۆناخی جێبەجێکردن، ناکۆکی لەنێوان چوار حیزبی پێکهێنەری حکومەت دروستکرد.
 
مارک رووتە بەدەر لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، سەرۆکی حیزبی راستی لیبڕاڵی "خەڵک بۆ ئازادی و دیموکراسی"یە و لەکاتی خستنەڕووی پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی پەنابەران لەنێو کابینەی حکومەتدا، هەوڵێکی زۆری بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەسەر ئەو پرسە دا، بەڵام هەوڵەکانی بە ئەنجام نەگەیشتن.
 
ساڵی رابردوو بەهۆی وەرگرتنی لەڕادەبەدەری پەناخوازان لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە، کەمپەکانی پەناخوازان لەو وڵاتە پڕ بوون، بە جۆرێک کە سەتان پەناخواز لەسەر شەقامەکان دەمانەوە، هاوکات خراپ بەڕێوەبردنی کەمپەکان وای کرد منداڵێکی سێ مانگە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پزیشکییەکان گیان لە دەست بدات، ئەو رووداوە بووە هۆی ئەوەی میدیا و رای گشتی گوشارێکی زۆر بخەنە سەر حکومەت.
 
گوشارەکان وایان کرد سەرۆکوەزیران ناچار بێت بەڵێن بە خەڵک بدات بۆ کۆتاییهێنان "بەم شەرمەزارییە" و لەگەڵ سێ حیزبەکەی دیکەی هاوپەیمانی لە حکومەت کەوتە دانوستاندن و داوای لێکردن هەر کامەیان پشکی خۆیان دیاری بکەن بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە منداڵانی پەناخواز کە لەو وڵاتانەوە هاتوون شەڕیان تێدایە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
هەڵوەشاندنەوەی حکومەت
 
هەردوو حیزبی دیموکرات 66 و یەکێتیی مەسیحییەکان کە لە دوو حیزبی پێکهێنەری کابینەی حکومەتی هۆڵەندا بوون، دژایەتی پرۆژەی سەرۆکوەزیرانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران کرد و بە دیاریکراوی دژی ئەو پرۆژەیەی مارک رووتە بوون کە رێگەی نەدەدا منداڵ و خێزانی ئەو پەنابەرانە بگوازرێنەوە هۆڵەندا کە پێشتر مافی پەنابەرێتییان وەرگرتبوو، تەنیا ژمارەیەکی دیاریکراو نەبێت و ئەوانیش دەبێت لانیکەم دوو ساڵ چاوەڕوان بن تاوەکو رەزامەندی چوونیان بۆ هۆڵەندا پێدەدرێت.
 
لەدوای ئەوەی هەر چوار حیزبی هاوپەیمان نەگەیشتنە رێککەوتن، لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و حکومەت بە فەرمی هەڵوەشایەوە، بەڵام مارک رووتە رایگەیاند، تا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت، وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.
 
مارک رووتە ماوەی 13 ساڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بوو و تاکە سیاسەتمەدارە کە توانیویەتی بۆ ماوەیەکی ئاوا زۆر لەو پۆستەدا بەردەوام بێت، بڕیارە ئەمڕۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە لاهای بەجێ بهێڵێت. 
 
سیستمی هەڵبژاردن
 
هەموو هەڵبژاردنەکان لە هۆڵەندا رۆژی چوارشەم بەڕێوەدەچن و هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم رۆژە دەرفەت بۆ زیاترین هاووڵاتی دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان بە شێوەی لیستی کراوەیە و هەر حیزبە و ژمارەیەک بەربژێری دەبێت.
 
پەرلەمانی هۆڵەندا لە 150 کورسی پێکهاتووە و ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە هەرچەند بێت دابەشی 150 دەکرێت و هەر ژمارەیەک دەربچێت، بەربژێران بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان دەبێ ئەوەندە دەنگ بەدەست بهێننن.
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی هۆڵەندا 26 حیزب بەشداریان کرد، بەڵام تەنیا 17 حیزبیان توانیان کورسی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنن و حیزبەکەی مارک رووتە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بوو 34 کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو، بەگوێرەی راپرسییەکان لەم هەڵبژاردنەشدا بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە لانیکەم سێ حیزب هاوپەیمانی پێک بهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.