لە ئەمریکا خواست لەسەر درەختی کریسمس زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکا خواست لەسەر درەختی کریسمس زیادیکردووە و گەورەترین و جوانترین درەختی کریسمسیش کە براوەی کێبڕکێی نیشتمانیی ئەمریکا بووە لەسەر گالیسکەیەک برایە کۆشکی سپیی ئەمریکا و لە هۆڵە سەرەکییەکەی دادەنرێت.
 
جێل بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا دەڵێت، "جوانە، ئەوەش ئەو خێزانەیە کە درەختەکەی چاندووە، لە ویلایەتی پێنسیلڤینیاوە هاتوون، هەموویان لێرەن."
 
کریسمس نزیکبووەتەوە و بازاڕی درەختەکانی گەرم بووە. لە ویلایەتی نیوهامشایەری ئەمریکا دەستکراوە بە کۆکردنەوەی درەختەکان تاوەکو دواتر بەسەر فرۆشگەکاندا دابەشبکرێن.
 
ئیلهان کێسلەر، بازرگان و هاووڵاتیی ئەمریکی دەڵێت، "درەختەکان لە شوێن و ناوچە و ویلایەتە جیاوازەکانەوە دەهێندرێن. ئەم بارهەڵگرانە درەختی ویلایەتەکانی وەکو پێنسیلڤینیا و میشیگەنیان بارکردووە. درەختەکان دادەگیرێن و پاشان بەسەر فرۆشگەکاندا دابەشیان دەکەین."
 
لە 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا درەختی کریسمس بەرهەم دەهێندرێن، بەڵام لە شەش ویلایەتدا زۆرترین درەخت بەرهەم دەهێندرێن کە ئەوانیش، "ئۆریگۆن، واشنتن، کارۆلاینای باکوور، پێنسیلڤینیا، ویسکۆنسن و میشیگەنن."
 
لە سەرانسەری ئەمریکادا نزیکەی 300 هەزار هێکتار زەوی بۆ چاندنی درەختی کریسمس بەکاردەهێندرێت؛ لانیکەم 15 هەزار دارستانی تایبەت بەو درەختەش هەن.
 
ساڵانە لانیکەم 30 ملیۆن درەختی کریسمس بەرهەم دەهێندرێن و خواستی ساڵانەی بازاڕی ئەمریکی پڕدەکەنەوە. ئیلهان کێسلەر، بازرگانی ئەمریکای دەڵێت، "نرخەکان بەرزبوونەتەوە، چونکە خواست لەسەریان زیادی کردووە، بە تایبەتی لەو ویلایەتانەی کە تێیدا درەختی کریسمس بە کەمی دەچێندرێن، وەکو ئەم ویلایەتەی نیوهامشایەر کە تێیدا دەژین."
 
هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتە 7.8%؛ نرخی کۆفرۆشی و وردەفرۆشی بەرزبووەتەوە؛ بەڵام هاوکات جووڵەی بازرگانی لەنێویاندا بازاڕی درەختی کریسمس بە نزیکەی 8% گەشەی کردووە و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رێژەکە زیاتر ببێت.