پووتین: سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا کێشەی تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

 ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێی وایە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا کێشەی تێدایە و ئەو بابەتەش بۆ خەڵکی ئەمریکا روونە، بەڵام ئەوە ئەمریکییەکانن کە بڕیار دەدەن ئایا پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت یان نا.
 
پووتین لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرد و گوتی، هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام رووسیا ئامادەیە لەگەڵ هەر کەسێکدا مامەڵە بکات کە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
 
 سەرۆکی رووسیا لەو چاوپێکەوتنەدا ئامادە نەبوو جۆ بایدن وەک براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بناسێنێت و گوتی، "دەبێت بزانین خەڵکی ئەمریکا متمانە بە کێ دەدات، ئەو متمانەیەش پێویستە بەپێی نەریتی سیاسیی ئەمریکا یەکلایی ببێتەوە و پارتەکان دان بە سەرکەوتنی لایەنی بەرامبەدا بنێن، یان ئەنجامی کۆتایی بە فەرمی رابگەیەنرێت."
 
هەروەها پووتین گوتی، "بەلای منەوە وادیارە کە بۆ خەڵکی ئەمریکا روونە هەندێک کێشە لە سیستەمی هەڵبژاردندا هەیە، بەڵام ئەمە ئیشی ئێمە نییە قسە لەسەر پێویستیی گۆرانکاری لەم سیستەمەدا بکەین. ئەمە بابەتێکە پەیوەندیی بە خەڵکی ئەمریکا، نوێنەرەکانیان و سەرکردەکانیان هەیە."