کۆریای باشوور هەڕەشەی ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کۆریای باشوور هەڕەشەی ئەوە دەکات چەک بۆ ئۆکراینا دەنێرێت. ئەوەش دوای ئەوە دێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی، کۆریای باکوور پلانی هەیە "ژمارەیەکی زۆر" سەرباز بۆ یارمەتیدانی رووسیا لە جەنگی دژی ئۆکراینا بنێرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، جێگری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بیر لەوە دەکەنەوە "چەک بۆ مەبەستی بەرگری و هێرشکردن" بۆ ئۆکراینا بنێرن. 
 
کیم تای هیو، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی کۆریای باشوور بە سەرۆکایەتیی شین وۆن سیک کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دا. 
 
جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆریای باشوور گوتی، "حکومەتی کۆریای باشوور بە تووندی سەرکۆنەی ناردنی سەرباز لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا دەکات". گوتیشی، سیئۆل لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوئاهەنگی دەکات بۆ گرتنەبەری رێکاری کاریگەر دژی هاوئاهەنگییەکانی نێوان کۆریای باکوور و رووسیا. 
 
هەفتەی رابردوو، هەواڵگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور 1500 کەسی لە هێزە تایبەتەکانی رەوانەی رووسیا کردووە بۆ ئەوەی دژی ئۆکراینا شەڕ بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆریای باکوور پلانی هەیە 12 هەزار سەربازی دیکە بۆ یارمەتیدانی رووسیا بنێرێت.
 
17ـی ئەم مانگەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆریای باکووری بەوە تۆمەتبار کرد ئامادەکاری بۆ ناردنی 10 هەزار سەرباز بۆ رووسیا دەکات بۆ ئەوەی دژی ئۆکراینا بجەنگن.
 
زیلینسکی گوتیشی، زانیارییان هەیە کە ئێستا ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکوور لە ریزی سوپای رووسیا دژی ئۆکراینییەکان دەجەنگن.
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی کۆریای باکووری کرد و رێککەوتنێکی بەرگری لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور واژۆ کرد. 
 
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە مۆسکۆ و پیۆنگیەنگ هاوپەیمانی یەکدین و لە ساڵی 2022شەوە کە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستی پێکرد، زیاتر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە.