لە ویلایەتێکی ئەمریکا 47 هەزار ئەمریکیی هەژار دەڵێن دەنگ نادەن

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک دایک و منداڵ لە رێکخراوی هێلانەی دایکان لە ویلایەتی جۆرجیا، چوون هاوکاری وەربگرن. ئەوان، هەژارن و پێناچێت بەشداری لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکەن کە دوو هەفتەی ماوە. 
 
سابرینا فرایدەی، دامەزرێنەری رێکخراوی هێلانەی دایکان دەڵێ "گرنگ نییە بە لایانەوە. دەنگ نادەن چونکە ئەمە هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت."
 
لەم ناوچەیە 47 هەزار دەنگدەری هەژار هەن و ئامادە نین دەنگ بدەن. ئەمەش چوار هێندەی جیاوازیی نێوان براوە و دۆڕاوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020 بوو لەو ویلایەتە. 
 
ئەلێکسس تایلەر، خۆبەخش لە رێکخراوی هێلانەی دایکان دەڵێ "پارە و سەرچاوەکان گرنگن. دەمانەوێت بەربژێرەکان پاڵپشتی ئەو شتانە بکەن کە گرنگن بۆ ئێمە. ناتوانم گرنگی دەنگەکانتان بۆ باس بکەم." 
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی، لە 341 ملیۆن ئەمریکی، 38 ملیۆنیان هەژارن.
 
بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و کامالا هاریس بەربژێرە دیموکراییەکە زۆرترین سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی باجە. 
 
بە گوێرەی زانکۆی پێنسلڤانیا، پلانی ترەمپ کاریگەری گەورەتری بەراورد بە هاریس لەسەر کەسانی ئاسایی دەبێت، بەڵام زۆرترین سوود بە دەوڵەمەند و بازرگانەکانی ئەو وڵاتە دەگەیێنێت.
 
بەپێچەوانەوە، هاریس دەیەوێت باجی زیاتر بخاتە سەر دامەزراوە بازرگانییەکان و دەوڵەمەندەکان، باجی سەر داهات کەمترەکانیش، کەمبکاتەوە. 
 
سابرینا فرایدەی، دامەزرێنەری رێکخراوی هێلانەی دایکان دەڵێ "دڵخۆش نیم، چونکە کەسێک پێویستە ببینێت نابێت داهات ئەوەندە کەم بێت. هەموو شتێک گرانە و داهاتیان بەشی خەرجی ناکات، کە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە." 
 
رۆژی 5ـی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە. 
 
بە گوێرەی دوایین راپرسیی ماڵپەڕی ئینسایدەر ئەدڤانتچ، هاریس و ترەمپ یەکسانن و هەریەکەیان 48٪ـی دەنگەکان دەبەنەوە، بۆیە پێشبینیی تووندبوونی زیاتری بانگەشەی هەردووکیان دەکرێت.