هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە مژارێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکایە
رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە، بووەتە بابەتێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە ناتوانیت سەرکۆنەی ئیسرائیل بکەیت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل کاردانەوەی هەبوو، کاردانەوەیەکی زۆر تووندتر لەوەی کەس بیری لێ دەکردەوە".
ترەمپ رەخنەی لە بەشێک لە مامەڵەی ئیدارەی بایدن بەرامبەر جەنگی غەززە هەیە و دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا سزاکانی سەر ئێران سووککراون و ئەوەش وایکردووە، تاران هاوکاریی دارایی و سەربازیی زیاتری هێزە نزیکەکانی بدات، لەوانەش بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر.
بەربژێرەکەی کۆمارییەکان ئاماژە بەوەش دەکات، دەبووایە لە رۆژانی دوای 7ـی ئۆکتۆبەردا ئیدارەی بایدن سووربووایە لەسەر ئەوەی کە حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات. بەربژێرەکەی دیموکراتەکان کە جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە، رەخنەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هەموو کارێکیان کردووە بۆ ئەوەی جەنگەکە بووەستێت.
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا باسی لەوە کرد: "سەرەتا سەیربکەن، ئاگربەست زەحمەتە، بەڵام دەبێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بهێنین. دەبێت بارمتەکان ئازاد بکەین. لە رۆژانی داهاتوویشدا ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەمان دەنێرینە ناوچەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکان کۆبێتەوە. بە سوودوەرگرتن لە ئامرازە دیپلۆماسییەکان، کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە".
گوتەی بەربژێرەکان تایبەت بە جەنگەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و دەکرێت سەرکەوتنی هەر کامیان کاریگەری لەسەر ئاراستەی رووداوەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.