تائێستا '12 چەکداری حیزبوڵڵای لوبنانی و سێ سەربازی ئیسرائیلی' بەهۆی شەڕ و گرژییەکانیانەوە کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانییەوە دوو هەفتەیە ناوچەکانی باشووری لوبنان ئارامی بەخۆوە نەبینیوە، بەردەوامن لە مووشەکبارانکردنی یەکدی، ئیسرائیل بەشێک لە سوپاکەی ناردووەتە سنووری لوبنان بەهۆیەوە 12 چەکداری حیزبوڵڵا و سێ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون
 
هاووڵاتییەکی گوندی رەب سلاسینە لە باشووری لوبنان، لەبارەی نائارامی ناوچەکەیانەوە دەڵێت، "کاتی ئەوە هاتووە کردارمان هەبێت، ئەوە دوا کارە کە بیکەین، سوپاس بۆ خودا، هەموو ئەو شتانەی لەدەستمانداون و خانووەکان و کێڵگەکانمان، بێ بەهان بەراورد بە لەدەستدانی مرۆڤ، سوپاس بۆ خودا بۆ هەموو شتێک."
 
لەدوای هێرشەکانی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل. شەڕ لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان دەستیپێکردووە، بەو هۆیەوە 12 چەکداری حیزبوڵڵا، سێ سەربازی ئیسرائیلی و سێ کەسی سڤیل کوژراون، کە یەکێکیان رۆژنامەڤان بووە.
 
دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکانی باشووری لوبنان باس لەوە دەکات، "ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراوە رژێمی زایۆنی خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج، ئێمە راهاتووین بەوەی خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج، بۆردوومانەکەی دوێنێ پەیام بوو بۆ ترساندنی خەڵکی ناوچەکە."
 
حیزبوڵڵا کە یەکێکە لە هاوئاهەنگە نزیکەکانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، رۆژانە بە مووشەک ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەکاتە ئامانج لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی باشووری لوبنان وەڵامی دەداتەوە.
 
ئیدوارد بێگبەدر، نوێنەری یونسێف لە لوبنان لەبارەی گواستنەوەی بەرەی شەڕ بۆ ئەو وڵاتە رایگەیاند، "لە هەموو گرژییەکدا، هەمیشە خەڵک لێیقەوماوە و بەتایبەت منداڵان رووبەڕووی دۆخێکی ناهەمووار دەبنەوە و دەبێت بەڕاستی بیر لەوان بکەینەوە و ئێستاش لوبنان رووبەڕووی چەندین قەیران و زەحمەتی بووەتەوە."
 
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە، ناوچەکانی باشووری لوبنانیش ناسەقامگیریی زیاتری بەخۆوە دەبینن، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 200 کەس ناوچەکەیان جێهێشتووە.