سێ وڵاتی ئەوروپی داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن لێکۆڵینەوە لە 'پێدانی درۆنی ئێرانی بە رووسیا' بکرێت

22-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەریەکە لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لێکۆڵینەوەیەکی "بێلایەن" لەو هەواڵانە دەکەن کە گوایە ئێران درۆنی داوەتە رووسیا و ئەویش لە شەڕی ئۆکراینا بەکاریان دەهێنێت. 
 
لە نامەیەکی رۆژی هەینی، 21ـی تشرینی یەکەمی 2022 ـدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باڵیۆزانی هەرسێ وڵاتە ئەوروپییەکە نووسیویانە: "پێشوازی لە لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن تیمی سکرتاریەتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەکەین کە بەرپرسە لە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان". 
 
بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 20ـی تەممووزی 2015 دەرچووە و، پاڵپشتیی لەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییە دەکات کە بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران بەرامبەر سنووردارکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەرچووە.
 
لە نامەکەیاندا، نێردەی سێ وڵاتەکە دەڵێن کە ئەوان ئامادەن لە "ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە تەکنیکی و بێلایەنەکەی" پاڵپشتی لە کاری سکرتاریەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن.
 
هەرسێ باڵیۆزەکە باس لەوەش دەکەن کە "زۆر نیگەرانن لە گواستنەوەی درۆنی ئێرانی بۆ رووسیا" و بە پێشێلکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش ناوی دەبەن و دەڵێن: "ئەم درۆنانە لەلایەن رووسیاوە لە جەنگە دوژمنکارییەکەیدا دژی ژێرخانی سڤیل و شارەکانی ئۆکراینا بەکاردەهێندرێن و دەبنە هۆی کوژرانی خەڵکی بێتاوان". 
 
وڵاتانی رۆژئاوا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە درۆنی شاهد 136 دەداتە رووسیا بۆ ئەوەی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراینا بەکاریبهێنێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-10-2022 جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، سەربازانی ئێرانی لە نیمچە دوورگەی کریمیا راهێنان لەسەر بەکارهێنانی درۆن بە هێزەکانی رووسیا دەکەن. 
 
هەرچی ئێران و رووسیان، بە هەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانەی وڵاتانی رۆژئاوا رەتدەکەنەوە و رۆژی چوارشەممە 19-10-2022 نوێنەرایەتیی هەردوو وڵاتەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی تۆمەتەکانیان کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.