لە مۆسکۆ هەفتەی مێرسیدس بێنز بۆ نمایشی جلوبەرگ بەڕێوەدەچێت

 
رووداو - رووسیا

لە مۆسکۆ هەفتەی کۆمپانیای مێرسیدس بێنز بۆ نمایشی جلوبەرگ و دیزاینەران بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نمایشکار و دیزاینەرە بەنێوبانگەکانی رووسیا و دەرەوەی رووسیاش ساڵانە بەشداریی تێدا دەکەن.
 
رۆژانە لە چەندین کاتی جیاوازدا دیزاینەرانی بواری جلوبەرگ لەڕێگەی نمایشکارەکانەوە بەرهەمەکانی خۆیان نمایش دەکەن، بەرهەمەکانیان سەرجەمیان نوێن و جۆرێکن لە داهێنانی نوێ لە بواری جلوبەرگدا.
 
مارییا کە دیزاینەرر، دەڵێت "من ئەمڕۆ کۆلێکشنێکی نوێم پیشاندان، بەرهەمی شاری یاقوتیا بوو، رەنگەکانم هەر لە پەلکەزێڕینەی یاقوتیا وەرگرتووە، لەو دیزاینانەی من دەتوانیت هەموو رەنگەکان ببینیت، هەر لە رەنگی یەکەمەوە تاوەکو رەنگی کۆتایی".
 
هەفتەی کۆمپانیای مێرسیدس بێنز بۆ نمایشی جلوبەرگ و دیزاینەران بووەتە نەریتی ساڵانە لە رووسیا، ئەمساڵ لە 20ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و 23ی ئۆکتۆبەر دوایین رۆژی نمایشەکان دەبێت.
 
کۆمپانیای مێرسیدس رێکخەری سەرەکییە، چەندین کۆمپانیای دیکەش سپۆنسەری دەکەن، ئەمساڵ یەکێک لە سپۆنسەرەکان کۆمپانیای تیک تۆکە.
 
کارینا میوانی نمایـشەکەیە و دەڵێت "نمایشەکەی ئەمڕۆم زۆر بەلاوە باش بوو، دیزاینەرەکان هەوڵیاندا شتێکی نوێمان پیشانبدەن کە پێشتر نەمانبینیوە، من دیزاینەر نیم، بەڵام کەمێک ئاشنایەتی و سەروکارم لەگەڵ کاری دیزاینەریدا هەیە، هەوڵیاندابوو هەموو کۆلێکشنەکان لەگەڵ یەکدی بگونجێنن".
 
ئەمساڵ ئەو دۆخەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە تاڕاددەیەک کاریگەریی لەسەر ئەو هەفتەی نمایشە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش نمایشەکان دابەشکراون بەسەر چەند شار و ناوچەیەکی جیاوازدا، بۆئەوەی خەڵکێکی زۆر لە یەک شوێن کۆنەبنەوە، بەشێک لە نمایشەکانیش بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدەدرێن.