دوایین دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە "کوردستانی بچووک" بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دوایین جار بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ترەمپ و بایدن رووبەڕووی یەکدی دەوەستنەوە، کاژێر 04:00ی بەیانیی رۆژی هەینی ترەمپ و بایدن لە زانکۆی بیلمۆنت لە شاری ناشڤیڵ کە بە "کوردستانی بچووک" ناسراوە، لە ویلایەتی تێنەسی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، هەردوو بەربژێرەکە لەسەر بابەتی باری خێزانی لە ئەمریکا، کۆرۆنا، دەمارگیری، گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی ئاسایشی نیشتمانی قسەدەکەن.
 
دیبەیتەکە 90 خوولەک بەبێ ناوبڕ بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی کەم لە خەڵک ئامادەی دیبەیتەکە دەبن، هەر بابەتێک چارەکە کاژێرێک قسەی لەسەر دەکرێت، ئەوکاتەی دەشمێنێتەوە بۆ گفتوگۆیەکی کراوە بەکاردێت.
 
لە دیبەیتەکەی ئەمشەو دوگمەی بێدەنگکردن بەکاردێت، هەر بەربژێرێک بۆ ماوەی دوو خولەک مایکەکەی دەکرێتەوە، دوای ئەوەش مایکەکە بێدەنگ دەکرێت بۆئەوەی بەربژێرەکەی دیکە دەرفەتی قسەکردنی بە یەکسانی پێبدرێت.
 
بڕیاربوو دیبەیتی دووەم لە 15ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی پێداچوونەوە بە هەندێک رێوشوێنی دژ بە قەیرانی کۆرۆنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند رۆژێک پێش دیبەیتەکە ترەمپ تووشی کۆرۆنا بوو، بڕیاردرا دیبەیتەکە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەڕێوەبچێت کە ترەمپ بەو بڕیارەش رازی نەبوو.
 
لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا کە لە 29ـی ئەیلوول لە کلیڤلاند بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن چەندین جار قسەیان بە یەکدی بڕی و هێرشیان کردە سەر یەکدی. بەشێک لە رۆژنامەڤان و چاودێرانی سیاسیش دیبەیتەکەیان بە "ژاوەژاو و پڕ لە قسەی بێمانا" ناوبرد.
 
بۆ دیبەیتی دووەم، تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ رەخنە لە رێکخەرانی دیبەتەکە دەگرن بەهۆی لابردنی سیاسەتی دەرەوە لەنێو تەوەرەکان و پێیانوایە ئەو کارەیان هەوڵێکە بۆئەوەی، وەکو خۆیان دەڵێن، باس لە گەندەڵییەکانی جۆ بایدن و کوڕەکەی لەگەڵ وڵاتە بیانییەکان نەکرێت، تیمی بایدنیش دەڵێت، ترەمپ بۆیە دەیەوێت باس لە سیاسەتی دەرەوە بکات، بۆئەوەی کەمتر پرسیاری لەبارەی کۆرۆناوە لێبکرێت.
 
لە دوایین راپرسیدا سەبارەت بە بۆچوونی خەڵکی ئەمریکا سەبارەت بەو دوو بەربژێرە، دەرکەوتووە، جۆ بایدن بە شەش خاڵ لەپێش ترەمپەوەیە و 50%ـی بەشداربووانی راپرسییەکە دەنگ بە بایدن دەدەن، لە بەرامبەردا 44%ـی بەشداربووان گوتوویانە دەنگ بە ترەمپ دەدەن.
 
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، باوەڕی بە راپرسییەکان نییە و دەبنە هۆی "تەمبەڵبوونی دەنگدەران"، داوای لە دەنگدەرانیش کرد دەنگ بدەن بە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.