ئێف بی ئای: ئێران و رووسیا هەوڵدەدەن دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا بکەن

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوە فێدراڵییەکانی ئەمریکا (ئێف بی ئای)، ئێران و رووسیا زانیاریی تۆماری دەنگدەرانی ئەمریکایان دەستکەوتووە و هەوڵدەدەن گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020ی ئەمریکا بۆ خەڵکی وڵاتەکە دروستبکەن.

جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە ئێف بی ئای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئێران و رووسیا چەند هەنگاوێکیان گرتووەتەبەر بۆئەوەی کاریگەری بخەنە سەر رای گشتی لەبارەی هەڵبژاردنەکانمانەوە. ئێمە پشتڕاستمان کردووەتەوە کە زانیاریی هەندێک تۆماری دەنگدەران بەجیا دەستی ئێران و رووسیا کەوتووە".

بەگوێرەی گوتەکانی جۆن راتکیلف، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران و رووسیا ئەو زانیاریانە بەکاربێنن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بەسەر دەنگدەرانی ئەمریکادا بۆئەوەی پشێوی و سەرلێتێکدان دروستبکەن و کارێکی وا بکەن کە هاووڵاتییانی ئەمریکی بڕوایان بە دیموکراسیەتی وڵاتەکەیان نەمێنێت.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ئێف بی ئای رایگەیاند، ئێران هەستاوە بە ناردنی ئیمەیڵ "بۆ تۆقاندنی دەنگدەران، هاندانی ئاژاوەگێڕی و زیانگەیاندن بە سەرۆک [دۆناڵد ترەمپ]" کە ئێستا لە رکابەرییەکی سەختدایە لەگەڵ جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

هەروەها راتکلیف باسی لەوە کردووە کە ئێران هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی هەندێک ڤیدیۆ، بۆئەوەی وا نیشانیبدات کە دەنگدەران دەتوانن لەڕێگەی کارتی ساختەوە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش دەنگبدەن. گوتیشی "ئەو ڤیدیۆیە و هەموو ئەو بانگەشانەی کە لەبارەی ئەو جۆرە ساختەکارییەوە دەکرێن، ناکرێت راست بن".

جۆن راتکلیف هەر لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەمانە هەوڵە بێهیواکانی دوژمنە بێهیوابووەکانمانە. ئەگەرچی نەمانبینیوە رووسیا هەمان شت ئەنجامبدات، ئێمە ئاگادارین کە ئەوانیش هەندێک زانیاریی دەنگدەرانیان دەستکەوتووە، هەروەک ئەو کارەی لە ساڵی 2016 کردیان".

پێش ئەوەی ئێف بی ئای زانیاری لەبارەی ئەو هەوڵانەی ئێران و رووسیا بڵاوبکاتەوە، میدیای ئەمریکی بڵاویکردبووەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان بە لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێیی و فێدراڵییەکان داوە کە ئێران دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ ناردنی ئیمەیڵی هەڕەشەئامێز بۆ دەنگدەرە دیموکراتەکان، لەکاتێکدا خۆیان وەکو گرووپی "پراود بۆیز"ی راستڕەو ناساندووە.

بەرپرسێکی ئاسایشی نیشتمانی بەو لایەنە پەیوەندیدارەیان راگەیاندبوو، ماڵپەڕەکانی تایبەت بە زانیاریی دەنگدەران لەسەر ئینتەرنێت کێشەیان هەبووە و مەترسیی هاککردنیان لەسەربووە.

ئەو ئیمەیڵانەی کە باس دەکرێن لەلایەن ئێرانەوە نێردرابن، دیموکراتەکانیان بەئامانجگرتووە و بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە داتابەیسی تۆماری دەنگدەران وەرگیراوە. بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ئەو ئیمەیڵانە بۆ ئەو دیموکراتانە نێردراون کە لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان نیشتەجێن و تێیاندا نووسراوە "رۆژی دەنگدان، دەنگ بە ترەمپ بدەن، ئەگەرنا ئێمە بەدواتاندا دێین".

کریستۆفەر رەی، بەڕێوەبەری گشتیی ئێف بی ئای، لە هەمان کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "ئێمە ئارامگیر نابین لە بەرامبەر دەستوەردانە دەرەکییەکان لە هەڵبژاردنەکانمان یان هەر چالاکییەکی دیکەی تاوانکارانە کە هەڕەشە لە پیرۆزیی دەنگەکانمان بکات یان بڕوای خەڵکەکەمان بە ئەنجامی هەڵبژاردن بخاتە گومانەوە".رەی راشیگەیاند "دەبێت ئێوە پشتڕاست بن کە دەنگەکانتان ئەژمار دەکرێن".