دەزگای لووتکە: لە ئەم ساڵدا زیاتر لە 23 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای لووتکە ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 23 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە و دەشڵێت، لەماوەی شەش ساڵدا 194 کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوە لەو کەناڵە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، دەزگای لووتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران دوایین ئاماری پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە، 23 هەزار و 533 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە."
 
دەزگای لووتکە لە پێناسەی نۆکەندەکەدا نووسیویەتی، "پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بۆ کۆچبەران خەونێکە تا پێی دەگەن، بەڵام نۆکەندەکە بووەتە مۆتەکەی رووحی کۆچبەران."
 
بەگوێرەی ئاماری دەزگاکە، "لە ساڵی 2023 بە گشتی  29 هەزار و 437 کۆچبەر و لە ساڵی 2022ـدا 45 هەزار و 755 کۆچبەر بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە."
 
دەزگای لووتکە ئاشکرایکردووە، "لە ساڵی 2018 تاوەکو ئەیلوولی 2024، زیاتر لە 135 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندەکە پەڕیونەتەوە و 194 کۆچبەریش لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە گیانیان لەدەست داوە."
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رۆژی 6ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ گیانلەدەستدانی کۆچبەرانی کورد بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە و تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە 46 هاونیشتمانی لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە."
 
نۆکەندی ئینگلیز، بەشێکە لە زەریای ئەتڵەسی کە بەریتانیا لە فەرەنسا جیادەکاتەوە و دەریای باکوور بە زەریای ئەتڵەسی دەبەستێتەوە.