خاوەنی فۆکس نیوز دەستی لە بەڕێوەبردنی "ئیمپراتۆرییەتە میدیاییەکەی" هەڵگرت

رووداو دیجیتاڵ 

رۆپێرت مەردۆخ، خاوەنی دوو لە گەورەترین کۆمپانیا میدیاییەکانی جیهان، دەستی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنیان هەڵگرت و رادەستی کوڕەکەی کردن.
 
مەردۆخ، تەمەن 92 ساڵ، خاوەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای فۆکس و کۆمپانیای نیوز-ە، دەستی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە هەڵگرت و رادەستی لاکلان مەردۆخ-ی کوڕی کرد.
 
کۆمپانیای فۆکس یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا میدیاییەکانی جیهان کە بەهای بازرگانی سەرووی 32 ملیار دۆلارە و داهاتی ساڵانەی نزیکەی 14 ملیار دۆلارە. کۆمپانیای نیوز-یش بەهاکەی نزیکەی 20 ملیار دۆلارە و ساڵانە سەرووی 10 ملیار دۆلار داهاتیەتی؛ هەردوو کۆمپانیاکە زیاتر لە 35 هەزار کارمەندیان هەیە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، رۆپێرت مەردۆخ  لە نامەیەکیدا کە بۆ سەرجەم کارمەندەکانی ناردووە نووسیویەتی: "بە درێژایی تەمەنی پیشەییم، رۆژانە تێکەڵ بە هەواڵ و بیرۆکەی تایبەت بە هەواڵ بووم، راستە واز لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان دەهێنم، بەڵام تێکەڵبوونم بە هەواڵ ناگۆڕێت و هەر بەو جۆرەش دەمێنمەوە".
 
مەردۆخ دەسەڵاتی رەهای بەڕێوەبردنی هەردوو کۆمپانیاکەی بە لاکانی کوڕە گەورەکەی داوە.
 
ئەو سەبارەت بە کوڕەکەی دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە هەموو باوکێک شانازی بە منداڵەکانی دەکات؛ متمانەم بە کوڕە گەورەکەم هەیە و دەزانم ئەو سەرکردەیەکی ئامانجخواز و خاوەن پرەنسیپە؛ باوکی من باوەڕی بە ئازادی هەبوو و دەزانم، کە لاکلانی کوڕم پابەندی ئەو باوەڕەیە."
 
لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپدا، مەردۆخ و کەناڵی فۆکس نیوز بە لایەنگری سیاسەتەکانی ئەو کاتەی کۆشکی سپی دادەنران. لە دوای هێرشەکەی لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە 6-1-2021، فۆکس نیوز رووبەڕووی رەخنەی تووندی میدیاکان و خەڵکی بووەوە.
 
مەردۆخ بە لاکلانی کوڕی گوتووە: "رەخنەم لە زۆربەی کار و رەفتارەکانی ترەمپ هەیە و پێشموایە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، بۆ ئەمریکا خراپ دەبێت".