وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش بۆ رووداو: 12.3 ملیۆن بەنگلادیشی لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش دەڵێت، نزیکەی 12 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتیی بەنگلادیشی لە دەرەوەی وڵاتەکەدا دەژین و کار دەکەن کە وەکو خۆی دەڵێت، لە رێگەی گواستنەوەی پارەوە یارمەتیی وڵاتەکە دەدەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، ئەبولکەمال عەبدولموئمین، وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. 
 
ئەبولکەمال عەبدولموئمین بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە نزیکەی 12.3 ملیۆن خەڵکی بەنگلادیشمان هەیە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین. ئەوان لە زۆر وڵات کاردەکەن و لە ئابوورییەکەیاندا رۆڵ دەگێڕن. ئەوان سامانی ئێمەن، سامانی وڵاتی خانەخوێ و ئێمەشن. ئەوان یارمەتیی خۆشگوزەرانیی وڵاتە خانە خوێکان دەدەن؛ هەروەها لە رێگەی گواستنەوەی پارەوە یارمەتیی ئێمە دەدەن."
 
وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هیندستانی دراوسێی و ئەمریکاش کرد و گوتی، "ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ ئەمریکا و هیندستانیش. لەگەڵ ئەمریکا، ئێمە پەیوەندییەکی لەمێژینەی 50 ساڵەمان هەیە. ساڵی رابردوو، 50 ساڵەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکەمان تەواوکرد.. و هیندستان و بەنگلادیشیش پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە. ئێمە پەیوەندییەکی پتەومان هەیە. هیندستان لە سەربەخۆبووندا یارمەتیی ئێمەی دا."
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەبولکەمال عەبدولموئمین، وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش: 
 
رووداو: بەڕێزتان دەزانن کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بەنگلادیشی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین. ئەوان خەڵکی زۆر باشن و ئاوێتەی کۆمەڵگەکە بوون. چ پەیامێکتان هەیە بۆ خەڵکی وڵاتەکەتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق؟
 
ئەبولکەمال عەبدولموئمین: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. ئێمە نزیکەی 12.3 ملیۆن خەڵکی بەنگلادیشمان هەیە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین. ئەوان لە زۆر وڵات کاردەکەن و لە ئابوورییەکەیاندا رۆڵ دەگێڕن. ئەوان سامانی ئێمەن، سامانی وڵاتی خانەخوێ و ئێمەشن. ئەوان یارمەتیی خۆشگوزەرانیی وڵاتە خانە خوێکان دەدەن؛ هەروەها لە رێگەی گواستنەوەی پارەوە یارمەتیی ئێمە دەدەن. دەمەوێت پێیان بڵێم، پابەندی یاسای وڵاتەکە بن و بە دڵسۆزی و راستگۆییەوە کارەکەتان بکەن. ئێوە دەزانن کە ئێمە هەمیشە لەگەڵتانداین.
 
رووداو: پێم وایە هەندێ نیگەرانی هەیە لەبارەی هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی هیندستان لەگەڵ بەنگلادیش. چی بە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێی سەبارەت بە کاروباری نێوخۆی بەنگلادیش؟
 
ئەبولکەمال عەبدولموئمین: ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ ئەمریکا و هیندستانیش. لەگەڵ ئەمریکا، ئێمە پەیوەندییەکی لەمێژینەی 50 ساڵەمان هەیە. ساڵی رابردوو، 50 ساڵەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکەمان تەواوکرد. سەرۆک بایدنیش قسەیەکەی زۆر باشی کرد و گوتی: "بە درێژایی 50 ساڵی رابردوو، بەنگلادیش و ئەمریکا پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەبووە. ئێمە دەمانەوێت بەهێزتریشی بکەین بۆ ئەوەی 50 ساڵی دیکەش زۆر دۆستانەمان هەبێت". پێویستە بڵێم کە ئێمە لە زۆر بواردا پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە؛ پێکەوە لەسەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوا کاردەکەین؛ لەسەر پاراستنی ئاشتی، ئاساییشی وزە و وزە نوێبووەکان کاردەکەین. ئەمریکا هاوبەشی ئێمەیە؛ گەورەترین هاوبەشی بازرگانیمانە و وڵاتی خاوەن گەورەترین وەبەرهێنانە لە بەنگلادیش، واتە پەیوەندییەکی زۆر پتەومان هەیە. بەها و بنەماکانیشمان هاوشێوەی ئەوانەی ئەمریکان. ئێمە شەڕمان بۆ دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کردووە، هەروەک ئەمریکا. بۆیە پێکەوە کاردەکەین. هیندستان و بەنگلادیشیش پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە. ئێمە پەیوەندییەکی پتەومان هەیە. هیندستان لە سەربەخۆبووندا یارمەتیی ئێمەی دا. ئەوان خوێنی خۆیان لەگەڵ ئێمە هاوبەشکرد بۆ سەربەخۆیی ئێمە. ئێستا و بە درێژایی 50 ساڵی رابردوو، پەیوەندیی زۆر بەهێزمان هەبووە. ئێمە پێی دەڵێین پەیوەندییەکی پۆڵایین لەگەڵ هیندستان. هیوادارین کە لەو پەیوەندییەدا بەردەوامیش بین. هەموو پرسە گرنگەکانمان لە رێگەی دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هیندستان چارەسەرکردوون.