رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی گەنجانی پارتی دیموکراتە لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکە کە لە ویلایەتی ئیلینۆی بەڕێوەدەچێت، ئەوان دڵخۆشن بە دیاریکردنی کامالا هاریس وەکو بەربژێری فەرمیی پارتەکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
سامانسا ویگنتن، هاووڵاتییەکی 19 ساڵە و دەڵێت، "هەست بە بەهێزی دەکەم. لەگەڵ هاوڕێکانم باسی کامالا دەکەین. دانانی کامالا تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو ئەو بەرنامەکەی زیاتر لە گەنجانەوە نزیکە، ئێستا خۆمان لە پێگەیەکی بەهێزدا دەبینین بەراورد بە پێشتر."
نزیکەی 244 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە کە 41 ملیۆنیان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ27 ساڵە و هەشت ملیۆنیشیان یەکەم جاریانە دەنگدەدەن.
بەگوێرەی دوایین راپرسی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، کامالا هاریس بەربژێری دیموکراتەکان 60٪ و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان 40٪ی دەنگەکانی ئەوانەی تەمەنیان 18 بۆ 27 ساڵە بەدەستدەهێنن.
جاسمین وین، قوتابییە لە زانکۆی هارڤارد و دەڵێت، "پێموایە کامالا وەکو بەربژێر، رەنگدانەوەیەکی باشتری گەنجانی ئەمریکایە. ئێمە یەکێکین لە جیاوازترین نەوەکانی کۆمەڵگە."
کشانەوەی بایدن لە رکابەرایەتیی هەڵبژاردن، بە قازانجی دیموکراتەکان شکاوەتەوە، چیدی بەربژێرەکەیان کەرەستەی گاڵتەجاڕیی کۆمارییەکان نییە.
دەیڤد سیتن، نوێنەر لە کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان باس لەوە دەکات، "کاتێک جۆ بایدن بەربژێرمان بوو، زۆرینەی ڤیدیۆکانی تیکتۆک سەبارەت بە جۆ بایدن نەرێنی بوون. ئێستا زۆرینەی ڤیدیۆکان لەبارەی کامالا هاریسەوە ئەرێنین. پارتەکەمان سەرنجێکی ئەرێنی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لە تیکتۆک لەسەرە."
رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێت، بە گوێرەی دوایین راپرسیی پێگەی مەونینگ کەنسەڵتی ئەمریکی، هاریس 48٪ی دەنگەکان و ترەمپیش 44٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ