سەرۆکی بێلاڕووس: رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەورووپا ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی بێلاڕووس جارێکی دیکە دەیەوێت پرسی کۆچبەران لە دژی ئەورووپا بووروژێنێتەوە و لەنوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، ئەوان بەهیچ شێوەیەک رێگری لە چوونی کۆچبەران ناکەن، کە لە رێگەی وڵاتەکەیانەوە روودەکەنە وڵاتانی ئەورووپا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و بەتایبەت پۆڵەندای تۆمەتبار کرد بەوەی هاوئاهەنگیان لەگەڵ وڵاتەکەی راگرتووە لەبارەی پرسی کۆچبەران و کۆنترۆلکردنی سنوورەکان. 
 
سەرۆکی بێلاڕووس گوتی: "ئەوان ئاگاداریان کردمەوە کە کۆچبەران لە سنووری بێلاڕووسەوە دەچنە ئەورووپاوە، بەڵام ئێوە پەتێکتان لەملم ئاڵاندووە لە رێگەی سزاکانەوە و داواش دەکەن سنوورەکانی یەکێتی ئەورووپا لە شەپۆلی کۆچبەران بپارێزم. ئەوە من ئەو کارە ناکەم و با ئەو کۆچبەرانە بۆ کوێ دەچن بچن. ئەوان لای ئێمە نامێننەوە و ئەمەش سیاسەتی منە." 
 
هەروەها لۆکەشینکۆ رایگەیاند قەیرانی کۆچبەران بەهۆی ناکۆکی و ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکانی وەکو ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەریهەڵداوە، کە "ئەو ناکۆکیانەش هۆکارەکەی وڵاتانی رۆژئاوایە".
 
بە گوتەی لۆکاشینکۆ زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی نایانەوێت لەرێگەی دەریاوە بچنە ئەورووپا، روویان لە بێلاڕووس کردووە و لەوێشەوە دەچنە پۆڵاندا و ئەڵمانیا و گوتیشی: "رەنگە هەندێکیان لە پۆڵاندا بمێننەوە، بەڵام ئەوان نایەن بۆ ئەوەی لە بێلاڕووس بمێننەوە." 
 
لە هاوینی 2021، قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا سەریهەڵدا، کاتێک نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستان، عێراق و وڵاتانی ئەفریقا بوون، لە رێگەی فرۆکەوە خۆیان گەیاندە بێلاڕووس و لەوێشەوە ویستیان بە پێ بۆ پۆڵەندا بپەڕنەوە و لەوێشەوە بچنە وڵاتانی دیکە ئەورووپاوە. 
 
دواتر یەکێتی ئەورووپا، لۆکەشێنکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت قەیرانی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەورووپا دروست بکات و وەکو ئامرازێکی سیاسیی بەکاریبهێنێت تاوەکو گوشار بخاتە سەر یەکێتی ئەورووپا. 
 
دەقی قسەکانی ئەلێکساندەر لوکەشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس:
 
"ئەوان سزایان بەسەرماندا سەپاند و سەرجەم هاوئاهەنگییەکیان لەگەڵمان راگرت، بەتایبەت لەبارەی پرسی سنوورەکان. منیش راستییەکەی گوتم سوپاستان دەکەم. هیچ رێککەوتنێکمان نییە و ئەوان دروستکردنی ناوەندەکانیان کە تایبەت بوون بە کۆچبەران، راگرتووە. ئێمە پێمانڕاگەیاندن کە ئەوە ئێمە نین، کۆچبەران بە شەپۆل رەوانە دەکەین، بەڵکو ئەوە خۆیانن. ئەوان سزامان دەدەن و داواش دەکەن سنوورەکانی یەکێتی ئەورووپا بپارێزین. ئەوە من ئەو کارە ناکەم و با ئەو کۆچبەرانە بۆ کوێ دەچن بچن و ئەوان لای ئێمە نامێننەوە و ئەمەش سیاسەتی منە."