جیهان
بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە سێیەم رۆژی کۆنگرەی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ، وێنە: Andrew Harnik / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بەشداریی لە سێیەم رۆژی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان کرد، گوتارێکی پێشکێشکرد و پاڵپشتی خۆی بۆ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئابی 2024، بیڵ کلنتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان، ستایشی چوار ساڵی سەرۆکایەتی جۆ بایدنی کرد و رەخنەی تووندیشی لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان گرت و بە کەسێکی "خۆویست" وەسفی کرد، کە "تەنیا خۆی پێ گرنگە و هیچی دیکە."
کلنتن، 42ـەمین سەرۆکی ئەمریکا کە کە دوو گەڕ لە ساڵی 1993 بۆ 2001، سەرۆکی ئەمریکا بوو، پشتیوانیی لە کالاما هاریس کرد و رایگەیاند: "کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ زۆر جیاوازن، ترەمپ تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی و بێ ئەوەی گوێ بە باشکردنی دۆخی ئەمریکییەکان بدات، ئەمەش لەکاتێکدایە جێگری سەرۆک، روانگەیەکی تایبەتی بۆ پێشخستنی وڵات و ئەزموونێکی گونجاوی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەمریکا."
هەروەها گوتی "ئێستا ئەمریکییەکان هەڵبژاردنێکی روونیان لەپێشە؛ کامالا هاریس بۆ خەڵکە و لەپێناو خەڵکە، بەڵام کەسەکەی دیکە لە چوار ساڵی سەرۆکایەتیشیدا سەلماندوویەتی؛ زیاتر گرنگی بە خۆی و تەنیا خۆی نەبێت کەسی دیکە نادات."
کلنتنی تەمەن 78 ساڵ هۆشداری دایە دیموکراتەکان کە بە ئاسانیش لە ترەمپ نەڕوانن هەروەکو ''لە ساڵی 2016 ئەو هەڵەیەیان کرد'' کاتێک هیلاری کلتنی هاوژینی، بەربژێری دیموکراتەکان بوو و بەرامبەر بە ترەمپ دۆڕا، کە ئەوکاتیش هاوژینی کلنتن، لە راپرسییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو لەپێشەوە بوو، بەڵام لە رۆژی هەڵبژاردندا ترەمپ براوە بوو.
کلنتن لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 2016ـوە دەڵێت "ئێمە، بینیمان هەڵبژاردنێکمان لەدەستدا، کاتێک هەستمان کرد براوە دەبین و بە پرسی جۆراوجۆر و دڵنیابوون لە سەرکەوتن، بیرمان لە هەڵبژاردنەکان نەکردەوە."
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان، هیلاری کلنتن، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا و بەربژێری پێشووتری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پاڵپشتی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ کامالا هاریس و تیم وۆڵزی بەربژێری جێگری سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند و گوتی، بڕوای تەواوی هەیە، کامالا ئەو بەربەستە مێژووییە دەشکێنێت و دەبێتە یەکەم سەرۆکی ژن لە مێژووی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ