رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی یۆنان، تەرمی 26 کەس دۆزرانەوە و نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە رووداوی گوت: پێشبینی دەکەین ژمارەیەک لەوانە کوردبن.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی باکووری شاری ئەلیکەسندرۆپۆلی یۆنان، کە نزیکی سنوورەکانی تورکیایە، 26 تەرم دۆزراونەتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کوردیشیان تێدایە."
پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتی، "دڵنیانین لەوەی چەند لەو تەرمانە کوردن، بەڵام دڵنیان لەوەی کە هاونیشتمانیی باشوور و رۆژئاوای کوردستانیان تێدایە." دەشڵێت، "بەهۆی سووتانی تەواوەتییان، ئێستا تەرمەکان ناناسرێنەوە."
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، "زیاتر لە 250 کۆچبەر کە بەشێکیان کوردن، لە باکووری رۆژهەڵاتی یۆنان داوای بەهاناوەچوون دەکەن." گوتیشی، "لە کەمپێکی پۆلیسی یۆنان 800 کەس دەژین کە بەشێکیان کوردن و حکومەتی ئەسینا داوای لێکردوون لەبەر مەترسیی ئاگر شوێنەکە چۆڵبکەن."
بە گوێرەی ئاژانسی کەشوهەوای یۆنان، تاوەکو رۆژی هەینیی داهاتوو، کەشوهەوای وشک و گەرم دەبێت، ئەمەش مەترسیی تەشەنەکردنی ئاگرەکە زیاتر دەکات.
بە گوێرەی ئاماری سیستمی زانیاریی ئاگرکوژێنەوەی دارستانەکانی ئەوروپا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو پێنجی ئاب، 43 هەزار هێکتار لە دارستانەکانی یۆنان سووتاون، ئەوەش نزیکەی دوو ئەوەندەی رووبەری دارستانی سووتاوی وڵاتەکەیە لە ساڵی 2022 و سێ ئەوەندەی ساڵی 2020یشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ