8 قوتابی لە پاکستان لەنێو تەلەفریکدا گیردەخۆن و تائێستا چواریان رزگارکراون


رووداو دیجیتاڵ

تەلەفریکێک لەسەر دۆڵێکی پاکستان بە هەشت سەرنشینەوە گیریخواردووە کە شەشیان منداڵن، تاوەکو ئێستا چوار منداڵ لەلایەن تیمی فریاگوزارییەوە رزگارکراون و هەوڵدانیش بۆ رزگارکردنی ئەوانی دیکە بەردەوامە.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، لە پارێزگای خەیبەر پختونخوای باکووری رۆژئاوای پاکستان، لەکاتی سەرکەوتنیان بۆ سەر چیایەکی ئەو ناوچەیە بە تەلەفریک، هەشت کەس کە شەشیان منداڵ بوون و دووانیشیان بە تەمەن و سەرجەمیان قوتابی بوون، لەنێو تەلەفریکەکەدا گیریان خوارد. گیرخواردنەکەیان بەهۆی بوونی کێشەیەکە لە سیمی تەلەفریکەکە، کە بەشێکی پچڕاوە و بە هەڵواسراوی بە ئاسمانەوە ماوەتەوە.
 
تیمە فریاگوزارییەکان سەرەتا لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە دوو منداڵیان رزگارکرد، پاشان سیمە پچڕاوەکەیان وەکو سیمی پەڕینەوە بەکاردەهێنا و دوو منداڵی دیکەشیان رزگار کرد، بەڵام بەهۆی بایەکی بەهێز و نالەباریی کەشوهەوا و تاریکییش، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی سەرجەم سەرنشینانی نێو تەلەفریکەکە رادەگیرێت تاوەکو رۆژ دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی میدیای پاکستان، ئەمشەو هەر لە رێگەی سیمە پچڕاوەکەوە، هەندێک خۆراک رەوانەی چوار کەسە گیرخواردووەکە دەکەن، کە دووانیان منداڵن و دوو کەسەکەی دیکەش بەتەمەنن.
 
ڤیدیۆی پرۆسەی رزگارکردنی منداڵەکان و پچڕانی سیمی تەلەفریکەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەنوەر ئەلحەق کاکار، سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەتی پاکستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، چاودێریی دۆخی ئەو کەسانە دەکات کە لەنێو تەلەفریکەکە گیریان خواردووە و هەموو پێداویستییەکیشیان بۆ دابین دەکەن تاوەکو رزگاریان دەکەن.
 
بە گوێرەی میدیای پاکستان کە قسەی لەگەڵ یەکێک لە رزگاربووەکان کردووە، ئاشکرایکردووە دوو لەوانەی لەنێو تەلەفریکەکە گیریان خواردووە دۆخی تەندروستییان باش نییە و چەند جارێک بووراونەتەوە، چونکە هیچ شتێکیان لا نییە هەتا ئاوی خواردنەوەش.
  
بەرزیی تەلەفریکەکە 365 مەترە و لەسەر دۆڵێک لەو ناوچە شاخاوییە گیری خواردووە. ئەو ناوچە شاخاوییە، هیچ رێگەیەکی ئۆتۆمبێلی نییە و لە رێگەی دوو تەلەفریکەوە پێکەوە بەستراوەتەوە و قوتابییان پشت بە تەلەفریکەکان دەبەستن تاوەکو رۆژانە بچنە قوتابخانە و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.