رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی یۆناندا، تەرمی 18 کەس دۆزرانەوە کە پێشبینی دەکرێت کۆچبەر بووبن، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لەم مانگەدا دووەم ئاگری فراوانە لە دارستانەکانی وڵاتەکە کەوتووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، یانیس ئەرتۆپیۆس، گوتەبێژی ئاژانسی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان رایگەیاند، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی باکووری شاری ئەلیکەسندرۆپۆلی کە کەوتووەتەسەر سنوورەکانی تورکیا، تەرمەکان دۆزراونەتەوە.
یانیس ئەرتۆپیۆس گوتی، "لەبەرئەوەی هیچ کەس لە ناوچەکە بێسەروشوێن نەبوون، رەنگە تەرمەکان ئەو کەسانەبن کە بە نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەمان و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە." هەروەها دەشڵێت، "لەم هەفتەیەدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سووتانی دارستانەکانی یۆنانەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 20 کەس."
بە گوێرەی ئاژانسی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 60 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی یۆناندا تۆمارکراون و هەریەک لە وڵاتانی قوبرس، رۆمانیا، چیک، کرواتیا، ئەڵمانیا و سربیا هاوکارییان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکانی یۆنان ناردووە. ناردنی 120 پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە بەشێکی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتانەیە بۆ یۆنان.
بە گوێرەی ئاژانسی کەشوهەوای یۆنان، تاوەکو رۆژی هەینیی داهاتوو، کەشوهەوای وشک و گەرم دەبێت، ئەمەش مەترسیی تەشەنەکردنی ئاگرەکە زیاتر دەکات.
بە گوێرەی ئاماری سیستمی زانیاریی ئاگرکوژێنەوەی دارستانەکانی ئەوروپا، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو پێنجی ئاب، 43 هەزار هێکتار لە دارستانەکانی یۆنان سووتاون، ئەوەش نزیکەی دوو ئەوەندەی رووبەری دارستانی سووتاوی وڵاتەکەیە لە ساڵی 2022 و سێ ئەوەندەی ساڵی 2020یشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ