رووداو - هەولێر
بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەمریکی قورچکی ڤاکسین بۆ رێگریکردن لە تووشبوونیان بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون وەردەگرن، ئەو ڤایرۆسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەیەوە دەڵێت، 98%ی تووشبووان پیاون و بەهۆی جووتبوون لەگەڵ پیاودا ڤایرۆسەکەیان بۆ گوازراوەتەوە.
جۆوڵ ماڵدۆنادۆ، وەرگری ڤاکسین دەڵێت، "ئێستا زۆر زیاتر هەست بە پارێزراوی و ئارامی دەکەم کە ڤاکسینم وەرگرتووە."
لە جیهاندا بە گشتی و، لە ئەمریکا کە بە 14 هەزار و 100 تووشبوو لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دێت کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیان تێدایە، خواست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین زیادیکردووە؛ هەربۆیە هەفتەی رابردوو کۆشکی سپی 442 هەزار قورچکی ڤاکسینی بۆ ناوەندەکانی تەندروستی نارد و هەفتەی داهاتووش یەک ملیۆن و 800 هەزاری دیکە دابین دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کاریگەریی ئەرێنیی ڤاکسینەکە نەسەلمێندراوە.
رۆزامۆند لێویس، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئاوڵەی مەیموون رایگەیاندووە، "پێشبینی ناکەین ڤاکسینەکە 100% کاریگەر بێت. زانیاریمان لەبەردەستدا نییە بۆ سەلماندنی ئەوە. بۆیە دەبێت ئەوە بزانن کە ڤاکسین قەڵخانێک نیە هەرکات هەستت بە مەترسی کرد بتپارێزێت. بەڵکو دەبێت ئەو چالاکییانەش کەمبکرێنەوە کە دەتخاتە مەترسییەوە، وەکو کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی سێکسیان لەگەڵ دەکەیت، وازهێنان لە سێکسی بەکۆمەڵ و هەڕەمەکی."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تاوەکو 17ی ئەم مانگە 35 هەزار تووشبوویان لە 92 وڵاتی جیهانەوە تۆمار کردووە، 7500 تووشبوو لەو ژمارەیەش تەنیا هەفتەی رابردوو تۆمار کراون.
هەروەها تووشبوون بە رێژەی 20% بەراورد بە هەفتەیەک پێش ئێستا زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا حەوت تووشبووش مردوون.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "بە نزیکەیی هەموو ئەو تووشبووانەی لە ئەوروپا و ئەمریکا تۆمارکراون و هەموو ئەوانی دیکەش لەنێو ئەو پیاوانەدان کە سێکس لەگەڵ پیاواندا دەکەن. بۆیە زۆر گرنگە هەموو وڵاتان خزمەتگوزاریی تەندروستی و زانیاریی پێویست بدەن بەو کۆمەڵگایانە."
نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بریتین لە تا، گیان ئێشە، لەرز، ماندووبوونی زۆر و سەر بە گێژدا چوون.
دیارترین نیشانەش بریتییە لە هەڵاوسان، سووربوونەوە و کونبوونی پێست لە چەند بەشێکی جەستەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ