مایکرۆسۆفت: کەمتر لە 1٪ـی ئامێرەکانمان تووشی کێشە بوون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێناس ساڵح
 هێشتا وڵاتان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانی کاریگەری لەکارکەوتنی سیستمی ئای تیی جیهانن
هێشتا وڵاتان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانی کاریگەری لەکارکەوتنی سیستمی ئای تیی جیهانن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت، 8 ملیۆن و 500 هەزار کۆمپیوتەر کە بە سیستمی بەکارخەری کۆمپانیاکە کاردەکەن، رۆژی هەینی بەهۆی ئەپدەیتی بەرنامەکەی کۆمپانیای کراودسترایکەوە لەکارکەوتبوون، ئەو ژمارەیەش 'کەمترە لە 1٪ـی ئەو ئامێرانەی بە ویندۆز کاردەکەن."
 
کیران مارتین، سەرۆکی پێشووی ناوەندی ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا دەڵێ "زۆر تووشی سەرسوڕمان نەبووم کاتێک بینیم رووداوەکە بووەتە هۆکاری پچڕانێکی گەورەی دیجیتاڵی لە جیهاندا. بەلامەوە سەیر نەبوو کە کێشەکە پەیوەستە بە ئەپدەیتکردنی بەرنامەیەکی کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئینتەرنێتی کە لە بوارەکەی خۆیدا زۆر بەناوبانگە. دەمێکە دەزانین ژێرخانی پاراستن و ئاسایشی ئینتەرنێتی، لەرزۆکە و هێندە تووندوتۆڵ نییە." 
 
رۆژی هەینی هەڵەیەک لە ئەپدەیتکردنی بەرنامەیەکی کۆمپانیای کراودسترایک، بووە هۆکاری پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی بانک و ناوەندە داراییەکان، تێکدانی کاروباری نەخۆشخانەکان و لەکارخستنی خزمەتگوزاریی دامودەزگا حکومییەکان.
 
کیران مارتین سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەڵێ "ئەمە شتێک نییە حکومەت بتوانێت چارەسەرێکی خێرا، هەرزان و بەپەلەی بۆ بدۆزێتەوە. ئەمە پێویستی بە دروستبوونی دیالۆگێکی بەرفراوانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا. لەبەرئەوە تۆ ناتوانی هەرچی تاوەکو ئێستا لە جیهانی تەکنۆلۆجیادا کراوە، سفری بکەیتەوە و دووبارە دەستیپێبکەیتەوە."
 
کاریگەری لەکارکەوتنی سیستمی ئای تی جیهان هێندە بەرفراوان بوو، کە هێشتا وڵاتان سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکەن.
 
تەنیا لە کەرتی ئاسمانیدا، هەڵەکەی کراودسترایک بووە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی 7 هەزار گەشتی ئاسمانی، کە دەکاتە 6.2٪ـی هەمووی ئەو گەشتانەی لە رۆژی هەینیدا بڕیاربوو ئەنجامبدرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاندێکی ژووری بازرگانیی باکووری کوردستان و تورکیا لەکاتی سەردانیان بۆلای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە

شاندێکی بازرگانانی باکووری کوردستان و تورکیا بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد. شاندەکە لە نوێنەرانی نزیکەی 20 کۆمپانیا پێکهاتووە