گەنجێکی چینی کاری ئەندازیاری رەتدەکاتەوە و بەرگەری هێلکە دەفرۆشێت


رووداو دیجیتاڵ

شین ژۆبین؛ گەنجێکی چینییە و هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاریی کارەبایە، بەڵام دوور لە پسۆڕییەکەی خۆی، خواردنگەیەکی بچووکی لەنێو جەرگەی شاری شەنگهای داناوە و بەرگەری هێلکەی تێدا دەفرۆشێت.
 
شین ژۆبین، خاوەنی خواردنگە دەڵێت، "دوای دەرچوونم لە 2018 وەک ئەندازیاری کارەبا کارم دەکرد. هەموو رۆژێک لەگەڵ ئامێر مامەڵەم دەکرد، بەڵام دوای سێ ساڵ کارکردن وازم هێنا، چونکە هیلاکییەکی زۆر بوو و پارەیەکی کەمم دەستدەکەوت."
 
شین تەمەنی 27 ساڵە؛ هەموو رۆژێک بە گڕوتینەوە پێداویستیی خواردنگەکەی دەکڕێت و دەست بەکار دەکات و دەڵێت، دایک و باوکی لایان ناخۆشە وازی لە کاری ئەندازیاری هێناوە، بەڵام شین رژدە لەسەر بەردەوامبوون لە کارەکەی. رۆژانە 500 هێلکە دەفرۆشێت و نزیکەی 270 دۆلار پەیدا دەکات.
 
ئەو گەنجە چینییە باس لەوە دەکات، "لە هەینیشدا کاردەکەم، بۆیە داهاتەکەم بەردەوام زیاد دەکات. زۆر هیلاک دەبم، بەڵام کە گوێم لە دەنگی عەلی پەی و وی چات دەبێت، لە 8 یەن دێتە سەر هەژمارەکەم، ئەوە ورەم دەداتێ."
 
خواستی شین بەلای خواردن دروستکردن بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە لە زانکۆ بووە و لە کافتریای زانکۆکەیان کاری کردووە. ئەو گوتی، هەمیشە حەزی لەکاری سەربەخۆ بووە؛ ئێستاش خاوەنی یەکێک لە بەنێوبانگترین خواردنگەکانی شەنگهایە.