رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ژینگەی ئۆرۆگوای دەڵێت، دوو هەزار پەنگوین لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵات بە مردوویی دۆزراونەتەوە.
کارن لەیزاگوێن، وەزیری ژینگەی ئۆرۆگوای رۆژی هەینی 21-7-2023 رایگەیاند، دوو هەزار پەنگوینی جۆری ماگیلانیک لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵات بە مردوویی دۆزراونەتەوە.
پەنگوینەکان لە 10 رۆژی رابردوودا دۆزراونەتەوە، ئەوەش بە گوێرەی وەزیری ژینگەی ئۆرۆگوای.
پەنگوینی جۆری ماگیلانیک زیاتر لە بەشی باشووری ئەرجەنتین دەژین، بەڵام زۆرجار لە وەرزی سەرمادا بۆ دەستکەوتنی خواردن و مانەوە لەنێو ئاوی سارددا بەرەو باکوور کۆچ دەکەن و تەنانەت دەگەنە کەناراوەکانی هەرێمی ئیسپیریتۆ سانتۆی بەرازیل.
دوای پشکنین بۆ پەنگوینەکان، دەرکەوت کە گەدەیان بەتاڵ بووە و برسی بوون، ئەوەش بە گوتەی وەزیری ژینگەی ئۆرۆگوای.
ریچارد تیسۆر، پسپۆڕ لە رێکخراوی سۆس بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی دەریایی رایگەیاند، ژمارەی ئەو باڵندە و ئاژەڵانەی بەهۆی برسییەتییەوە گیان لەدەستدەدەن رووی لە زیادبوون کردووە.
ماسییەکان خۆراکی سەرەکی پەنگوینەکانن و شارەزایانی ژینگە دەڵێن، زۆری راوکردنی ماسییەکان وایکردووە خواردنی پێویست بۆ پەنگوینەکان نەمێنێتەوە و هەربۆیە گیانلەدەستدەدەن.
جگە لە پەنگوین، گیانەوەری دیکەش لە ناوچەکەدا بە مردوویی دۆزراونەتەوە، لەوانە شێری دەریا و کیسەڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ