لە سویسرا لەدژی پەیماننامەی لۆزان خۆپێشاندانە

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری لۆزانی سویسرا لە یادی 100 ساڵەی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان، نزیکەی 15 هەزار کورد دژی پەیماننامەکە خۆپێشاندان دەکەن.
 
ئەمڕۆ لە سویسرا کۆنفرانسی رەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان بە بەشداریی پشتیوانانی گەلی کورد، رۆشنبیران، سیاسی، دیپلۆمات و نوێنەری حیزب و لایەنەکانی کوردستان دەستیپێکرد. 
 
خۆپێشاندانی كوردانیش لە لۆزان لە كاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ (شەممە، 22-7-2023) دەستیپێكردووە و خۆپێشاندەران لە كۆتا وێستگەی میترۆی لۆزانەوە بەڕێكەوتوون تاوەكو بەردەمی ئەو هۆڵەی رێكکەوتنەكەی لێ واژۆکرا.
 
بڕیارە خۆپێشاندانەکە، تاوەكو سبەی كاژێر 15:00 بەردەوام بێت، کە 24ـی تەممووز، یادی سەت ساڵەی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانە، ئەو پەیماننامەی لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆکرا و تێیدا سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیاریکرا و پێداچوونەوە بە پەیماننامەی سیڤەردا کرا کە مافی چارەیخۆ نووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو. 
 
بڕیارە لە كۆنفرانسی لۆزان بەناوی "هەڵوێستی گەلی کوردستان لە 100ـەمین ساڵڤەگەڕی پەیماننامەی لۆزان"، راگەیەندراوێک ئامادەبكرێت و سبەی لەبەردەم خۆپیشاندەران بخوێندرێتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو شارەوانیی لۆزان رێگەی نەداوە كۆنفرانسەكە لەو هۆڵەدا سازبكرێت كە رێككەوتننامەی لۆزانی تێدا مۆركرا؛ لەو كاتەی رێكخەرانی كۆنفرانسەكە داوای هۆڵەكەیان كردووە، توركیاش داوای كردووە، شارەوانیش گوتوویەتی "لەبەرئەوەی هەردوولایەن داوایان کردووە، نایدەین بە هیچ لایەکیان".
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەنێو كۆنفرانسەكەدا كێشە دروستبووە؛ حیزبەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕازین لەوەی لەنێو خۆپیشاندەراندا ئاڵای پەكەكە و، وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زۆر دابەشكراون.