لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک قورئانی پیرۆز سووتێندرا


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی گرووپێکی تووندئاژۆ لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن قورئانی پیرۆزیان سووتاند.
 
ئەندامانی ئەو گرووپە کە دروشمیان دژی ئیسلام گوتەوە، بێڕێزییان بە کۆپییەکەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کرد. 
 
دواتر هەر هەمان گرووپ قورئانی پیرۆزیان سووتاند. ئەو خۆپێشاندانە لە ژێر رێوشوێنی ئەمنیی تووندی پۆلیس بەڕێوەچوو. 

 

وەک گرووپەکە خۆیان دەڵێن، "دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق"، قورئانی پیرۆزیان سووتاندووە. 

 

لەگەڵ سووتاندنەکەدا لە بەغدا خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر دەستیپێکرد و خۆپێشاندەران هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا. 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان.   

 

مۆڵەتدانەوەی سوێد بە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز توڕەیی و ناڕەزایی عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی زۆرینە موسڵمانی لێکەوتەوە. 
 
سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەیە کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.  
 
ناڕەزایی و توڕەیی موسڵمانان و سەرکۆنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەو کارە، نەبوونە رێگر لە بەردەم مۆڵەتدانی پۆلیسی سوێد بە دووبارەبوونەوەی ئەو کارە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 20-7-2023، پەناخوازە تەمەن 37 ساڵییەکە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بێڕێزیی بە کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کردەوە. 
 
پێش ئەوەی ئەو کارە بکات، خۆپێشاندەرانی هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکیانی سووتاند.