نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵانە لە کینیا 65 هەزار منداڵ بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستدەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی ناوچەی تورکانەی کینیای رۆژهەڵاتی ئەفریقیا لوکا خەریکی لێکردنەوەی بەری درەختێکی کێوییە، هەروەها وشکەساڵی بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی چەندین کەس. لۆکا دەڵێت، تەنیا بەری دارێکیان بەدەستەوە ماوە، ئەگەر ئەوە نەبێت لە برسان دەمرن. 
 
لۆکا مێتیر، دانیشتووی تورکانە و دەڵێت، "ئێستا لەگەڵ بارودۆخەکە راهاتووین، نازانین چۆن دەخڵودان بچێنین و هەموو ئاژەڵەکانیشمان بەهۆی وشکەساڵیەوە لەنێوچوون. دانیشتووین و چاوەڕێ دەکەین لە برسان بمرین. خواردنی ئەم بەروبوومە کێویانە تەنیا رێگەی مانەوەمانە." 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، وشکەساڵی لە کینیا 3.5 ملیۆن هاووڵاتیی دووچاری برسێتی سەخت کردووەتەوە، داهاتی رۆژانەی 19 ملیۆن هاووڵاتیی لەنێو 57 ملیۆنی دانیشتووانەکەی کینیا کەمتر لە دوو دۆلارە.
 
19 ملیۆن هاووڵاتیی لە کینیا نیشتەجێی ناوچە وشکەکانن کە بۆ کشتوکاڵ نابن. بۆیە روویان لە ئاژەڵداری کردووە، بەڵام تەنیا لە ئەمساڵدا 1.4 ملیۆن ئاژەڵ لە کینیا بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵییەوە لەنێوچوون. ئاژەڵدارانیش دەڵێن، لە لێواری مەرگدان. 
 
ئیریپیۆ ئاپۆتیا، دانیشتووی تورکانە و گوتی، "ئەمجارە وشکەساڵییەکە تووندە. جاران وشکەساڵی زۆری نەدەخایاند کە دەهات ئاژەڵەکانمان دەربازیان دەبوو، دواتر کە باران دەباری دووبارە دەبووژانەوە و گۆشت و شیریان دەداینێ. بەڵام ئێستا کە وشکەساڵی دێت سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، تاوەکو تەواوی ئاژەڵەکانمان لەنێودەچن کە ئەوان لەنێوچوون، ئێمەش دەمرین چونکە ژیانمان لەسەر ئەوانە." 
 
نەبوونی ئاوی پاک یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان؛ دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، ئاوی ناوچەکەیان پیسە و بۆ خواردنەوە نابێت؛
منداڵانیش قوربانیی یەکەمی ئەو بارودۆخە سەختانەن کە بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە نزیکەی 65 هەزار منداڵ لە خوار تەمەنی 5 ساڵیەوە بەهۆی برسێتییەوە لە کینیا گیان لەدەستدەدەن.