سەرۆک شارەوانییەکی عەرەبی ئەمریکا: لەنێوان نەتانیاهوو و دیموکراسییەت، بایدن یەکەمیان هەڵدەبژێرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

شاری دێربۆنی ویلایەتی میشیگنی باکووری ئەمریکا، سەرۆک شارەوانییەکەی عەرەبە. عەبدوڵڵا حەموود هۆشداری دەداتە بایدن کە هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا، ریسکی لەدەستدانی دەنگدەری عەرەب و موسڵمان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زیاتر دەکات.
 
عەبدوڵڵا حەموود، سەرۆک شارەوانیی دێربۆرن دەڵێت، "دێربۆن تایبەتە، شارێکی جیهانییە؛ بەشێكی زۆری دانیشتووانی پێشینەی عەرەبییان هەیە، بۆیە ئەوەی کە لە غەززە روودەدات کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت."
 
میشگن یەکێکە لە شەش ویلایەتی یەکلانەبووەوە یان جۆلانەی ئەمریکایە کە سەرۆکی داهاتووی کۆشکی سپی دیاری دەکات.
 
لە هەڵبژاردنی 2016 ترەمپ بە 11 هەزار دەنگ لە هیلاری کلینتنی بردەوە؛ بەڵام لە هەڵبژاردنی 2020 بە نزیکەی 154 هەزار دەنگ بە بایدن دۆڕا؛ واتە دەنگی عەرەبەکان لەو ویلایەتە 10 ملیۆن دانیشتووانە؛ یەکلاکەرەوەیە.
 
سەرووی 250 هەزار موسڵمان هەن، 210 هەزاریان عەرەبن و 150 هەزاریان دەنگدەرن. سەرۆک شارەوانیی دێربۆرن دەڵێت، "ئەوەی لە هەڵبژاردنی بەرایی کردمان، هەوڵێک بوو پەیامی تووندی خۆمان بدەینە بایدن کە هەڵوێستتان لەئاست شەڕی غەززە جێگەی پەسندکردن نییە. لەنێوان دیموکراسییەت و نەتانیاهوودا، بایدن نەتانیاهوو هەڵدەبژێرێت."
 
لە شوباتی ئەم ساڵ لە هەڵبژاردنی بەرایی پارتی دیموکرات لە ویلایەتی میشیگن؛ زیاتر لە 100 هەزار دەنگدەر، کە زۆربەیان عەرەبن؛ کارتی دەنگدانەکەیان بە بەتاڵی خستە سندووقی دەنگدانەوە.
 
راپرسییەکی دیکە لە ئایاری ئەم ساڵ دەریخست 57%ی ئەمریکیی موسڵمان بە بنچینەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیا کە لە 2020 دەنگیان بە بایدن داوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دەنگ بە ترەمپ دەدەن.