دەوڵەمەندترین خێزانی بەریتانیا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەمەندترین خێزانی بەریتانیا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێدانی تەنیا 8 دۆلاری رۆژانە بە هەریەک لە خزمەتکارەکانیان و دەستگرتن بەسەر پاسپۆرتەکانیان لە سویسرا دادگایی کران و بە لانیکەم چوار ساڵ زیندانی سزادران.
خێزانی هیندوجا خاوەنی نزیکەی 47 ملیار دۆلارە و بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە دادگەیەکی شاری جنێڤ لە سویسرا دادگەیی کران و دادوەر سزای زیندانی بەسەر چوار ئەندامی ئەو خێزانەدا سەپاند.
ئەو خێزانە ڤێلایەکیان لە گەڕەکی کۆلۆنی لە جنێڤی سویسرا هەیە و بەوە تۆمەتبار بوون کە خزمەتکاریان لە هیندستانەوە بردبووە سویسرا و لەوێ دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرتبوو، پارەی کەمیان پێداون و تەنانەت نەیانهێشتووە بێ مۆڵەت ماڵەکە جێبهێڵن.
بەگوێرەی داواکاری گشتیی سویسرا، پراکاش هیندوجا و کەمال هیندوجای هاوژینی لەگەڵ ئەجای کوڕەکەیان و نامراتای بووکیان، لە بەرامبەر 18 کاژێر کارکردن لە رۆژێکدا تەنیا 8 دۆلاریان بە هەریەک لە خزمەتکارەکان داوە.
سابینا ماسکۆتۆ، دادوەری دادگەکەی جنێڤ سزای چوار ساڵ و نیو بەسەر پراکاش و کەمال، هەروەها سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر ئەجای و نامراتا سەپاند و بە "خۆپەرست" ناوی بردن.
ماسکۆتۆ گوتی:"کەمئەزموونیی خزمەتکارەکان قۆستراوەتەوە و بەکارهێندراوە؛ خزمەتکارەکان هیچ شتێکیان لە مافی خۆیان نەزانیوە."
ئەوەی کە وەک "بازرگانیکردن بە مرۆڤ" هەژمارکرا ئەوەبوو کە خێزانەکە تۆمەتباربوون بەوەی دەستیان بەسەر پاسپۆرتی ئەو خزمەتکارانەدا گرتووە و تەنانەت خزمەتکارەکان بێ مۆڵەت مافی ئەوەیان نەبووە بچنە دەرەوە، بەڵام دادگە لەسەر ئەو تۆمەتە ئەوانی بە بێتاوان ناساند، چونکە "خزمەتکارەکان بە ویستی خۆیان گەشتیان بۆ سویسرا کردووە".
یڤێس بێرتۆسا، داواکاری گشتیی سویسرا دەڵێت: "ساڵانە ئەو خێزانە 10 هەزار دۆلار لە سەگەکەیان خەرج دەکەن، ئەوەش زۆر زیاترە لەو پارەیەی بە خزمەتکارەکانیان داوە."
بێرتۆسا داوای لە دادگەکرد ئەجای و هاوژینەکەی هەر لە سویسرا دەستبەسەر بکرێن. پراکاشی 78 ساڵ و کەمالی 75 ساڵیش بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییان لە نەخۆشخانەیەکی فەرەنسا بوون و نەیانتوانی لە دادگەکە ئامادەبن.
دادوەر سابینا گوتی: "ئەو خێزانە بڕی 363 دۆلاری وەک مووچەی مانگانە داوەتە هەر خزمەتکارێک، ئەوەش لە ٪90 کەمترە لە مووچەی خزمەتکارێک لە سویسرا. ئەوە لە کاتێکدایە خێزانی هیندوجا زۆر بە باشی ئاگایان لە یاسای سویسرا بووە و دەیانزانی ئەو پارەیە زۆر کەمە."
پارێزەرانی خێزانە دەوڵەمەندەکە تۆمەتی پێدانی پارە کەمەکەیان رەتنەکردەوە، بەڵام گوتیان، "خزمەتکارەکان شوێنیان بۆ دابینکراوە و نانیشیان پێدراوە. خزمەتکارەکان هەر کات ویستبێتیان توانیویانە بڕۆنە دەرەوەی ماڵەکە و وەک کۆیلەش مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە. خزمەتکارەکان سوپاسگوزاری ئەو خێزانە بوون".
لە دانیشتنی پێشتردا دادگە هەندێک لە خزمەتکارەکانی پێشووتری ئەو خێزانەی وەک گەواهیدەر بانگکرد و ئەوانیش گوتیان: "خێزانێکی باشن و بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووین".
خێزانی هیندوجا خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی هیندوجان Hinduja Group کە لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل، نەوت، کیمیا، بانک، دارایی، ئاسایشی ئینتەرنێت، تەندروستی، بازرگانی، ژێرخان، پەرەپێدانی پڕۆژە، میدیا و خانووبەرە کار دەکات. گرووپەکە زیاتر لە 200 هەزار کارمەندی هەیە و بارەگای سەرەکی لە شاری مومبایە لە هیندستان.