رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری سەرەکیی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی وڵاتەکەی، هەر خوێندکارێکی بیانی کە لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە دەربچێت، کارتی سەوزی ئەمریکییان پێدەدات، کە تایبەتە بە مافی مانەوە و کارکردن لەو وڵاتە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ببێتەوە بۆ سەرۆک، هەر خوێندکارێکی بیانی کە لە زانکۆکانیان دەخوێنێت، بتوانێت زانکۆکەی بە سەرکەوتوویی تەواو بکات، کارتی سەوزی پێدەدات، ئەمەش بە هەڵوێستێکی نوێی ترەمپ دەبیندرێت، کە بەوە ناسراوە کەسێکی تووندە بەرامبەر کۆچبەران و مانەوەی کەسانی بیانی لە ئەمریکا.
ترەمپ دەڵێت، "خەمبار دەبم کاتێک دەبینم ئێمە کەسانێک لەدەستدەدەین کە دەرچووی زانکۆکانی هارڤارد و ئێم ئای تی و زانکۆ گرنگەکانی دیکەی ئەمریکان."
هەروەها ترەمپی تەمەن 77 ساڵ ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە وەرگرتنی کارتی سەوز "گرین کارد" بەشێک بێت لە وەرگرتنی بڕوانامەی ئەو خوێندکارە بیانییانە، تاوەکو بتوانن لە وڵاتەکە بمێننەوە.
بەگوێرەی یاسای ئەمریکا، هەر کەسێک کارتی سەوزی پێبدرێت، بۆی هەیە بۆ تاهەتایی لە ئەمریکا بژی و کاریش بکات. کارتەکە کارئاسانیشە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەمریکا.
ئەم بەڵێنە نوێیەی ترەمپ بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتەکانی ئەو بەربژێرە دەبیندرێت.
لە رابردوودا ترەمپ رایگەیاندووە، کۆچبەران "وڵاتەکەیان ژەهراوی دەکەن" و بەڵێنیشی دابوو، لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سەرپەرشتیی گەورەترین پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە مێژووی ئەمریکادا بکات. بەردەوامیش هێرش دەکاتە سەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەوەی بەرامبەر پرسی کۆچبەران نەرم بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ