گفتوگۆکانی ئەندامبوونی ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا لە یەکێتیی ئەورووپا دەستپێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی رازی بوو گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامێتیی ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا لە یەکێتییەکە دەستپێبکات.
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بۆ ئەو مەبەستە لە لۆکسمبۆرگ کۆدەبنەوە، سەرەتا گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامێتیی ئۆکراینا و دواتریش مۆڵدۆڤا لە یەکێتییەکە دەستپێدەکەن.
لە کانوونی یەکەمی رابردوو، بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا رایانگەیاند، کار بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەردوو وڵاتەکە لە یەکێتییەکە دەکەن.
لە 7ی ئەم مانگە ئانا پیسۆنێرۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا هەموو مەرجەکانی دەستپێکردنی گفتوگۆکانیان بۆ ئەندامبوون لە یەکێتییەکە جێبەجێ کردووە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، ئۆکراینا بە فەرمی داوای کرد ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا.
هەنگاریا وەکو تاکە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا تاڕادەیەک پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رووسیادا هەیە و لە تەممووزی ئەم ساڵ بۆ شەش مانگی داهاتوو سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەورووپا دەگرێتە دەست، ئەوەش بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئۆکراینا دادەنرێت بۆ بوونە ئەندامی یەکێتییەکە.
مۆڵدۆڤا لە ئاداری 2022 داواکاریی پێشکێش بە یەکێتیی ئەورووپا کرد بۆ بوونە ئەندام لێی، لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا یەکێتییەکە مۆڵدۆڤای وەکو بەربژێر پەسند کرد.
مۆڵدۆڤا هیچ سنووری لەگەڵ رووسیا نییە؛ لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئۆکراینا هاوسنوورە و لە رۆژئاواشەوە رووباری پرووت لە رۆمانیای جیا دەکاتەوە.
چەند بەربەستێک لەبەردەم مۆڵدۆڤا هەن بۆ بوونە ئەندامی یەکێتییەکە، لەوانەش گەندەڵی، ئابوورییە خراپەکەی و ناوچەی ترانسنیستریا کە زیاتر لە 30 هەزار لایەنگری رووسیای لێ دەژی و لەدوای رووخانی یەکێتیی سۆڤییەت بە ناوچەیەکی کێشەلەسەر دادەندرێت.