لەسەر هاوکاریکردنی داعش لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی، ژنێکی ئەڵمانی 9 ساڵ زیندانی دەکرێت

22-06-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگە سزای نۆ ساڵ زیندانیی بەسەر ئافرەتێکی ئەڵمانیدا سەپاند کە ئەندامی داعش بووە و هاوکاریی چەکدارانی داعشی کردووە لە تاوانەکانیان دژی کوردانی ئێزدی و بەتایبەت تاوانەکانیان لە دژی کچان و ژنان.
 
رۆژی چوارشەممە 21ی حوزەیرانی 2023، دادگەیەکی شاری کۆبلێنز لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، ئافرەتێکی ئەڵمانیی تەمەن 37 ساڵی بەناوی (نادین ك.) زیندانی کرد بە تاوانی بەکۆیلەکردنی ئافرەتێکی ئێزدی و هەروەها تاوانی دژی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی.
 
بەگوێرەی دادگە، ئەو ئافرەتە ئەڵمانییە، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2014 بۆ ئاداری 2019 ئەندامی داعش بووە و چووەتە سووریا و لەگەڵ هاوژینەکەی لەوێ چوونەتە ریزەکانی داعش. لە ساڵی 2015 ئەو ژن و مێردە روویان لە شاری موسڵ کردووە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ سووریا.
 
مانگی نیسانی 2016، نادین لەگەڵ هاوژینەکەی، کچێکی کوردی ئێزدی دەکەنە کۆیلەی خۆیان کە لە ساڵی 2014وە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو.
 
ئەرکی نادین چاودێریکردنی ئافرەتە ئێزدییەکە بووە کە ئەوکات تەمەنی 22 ساڵان بووە و رێگەی نەداوە هەڵبێت و ناچاری کردووە خزمەتی ماڵەکەی بکات.
 
هەروەها دادگە زانیویەتی بە ئاگاداریی نادین، هاوژینەکەی چەندین جار دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئافرەتە ئێزدییەکە و لێیشی داوە.
 
لە یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی نادین-دا لە سەرەتای ئەمساڵ، داواکاری گشتی رایگەیاند، "هەموو ئەو کردەوانە خزمەتی ئامانجەکەی داعشی کردووە کە ئەویش لەنێوبردنی ئێزدییەکان بووە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگەی ئەڵمانی، نادین لەگەڵ خێزانەکەی لە پاییزی 2016 روویان لە سووریا کردووە و ئافرەتە ئێزدییەکەشیان لەگەڵ بووە و تاوەکو ئاداری 2019 لەوێ ژیاون، دواتر لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستگیرکراون و ئافرەتە ئێزدییەکەش ئازاد کراوە.
 
مانگی ئاداری پار، نادین یەکێک بوو لەو ئەڵمانییانەی کە حکومەتی ئەڵمانیا وەریگرتنەوە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی دەستگیرکرا.
 
لە مانگی تشرینی دووەمی 2021، دادگەیەکی ئەڵمانی وەکو یەکەم دادگە لەسەرانسەری جیهاندا، تاوانەکانی دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا