حکومەتی ئیسپانیا لێبووردنی بۆ 9 بەرپرسی زیندانیکراوی کەتەلۆنی دەرکرد

22-06-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای مشتومڕێکی زۆر لەنێوخۆی وڵات و دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران، حکومەتی ئیسپانیا لێبووردنی بۆ 9 بەرپرسی زیندانیکراوی کەتەلۆنی دەرکرد کە کاریان کردووە بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، هەنگاوێک کە بە کردنی ئاو بەو ئاگرەدا دەکرێت کە لە 2017ەوە لە وڵاتەکە کەوتووەتەوە و تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێو نێوان ئیسپانی و کەتەلۆنییەکان دەڕواند.
 
بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا پەسندکرا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی راگەیێندرا، ئەم بڕیارە دووپاتی هەوڵەکانی پێدرۆ سانشێزی، سەرۆکوەزیرانی کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتەوایی لە وڵاتەکە کە لەوەتەی گشتپرسییەکەی 2017 ناکۆکی و دووبەرەکی خستووەتە نێو مەدرید و بارسێلۆنا.
 
لەنێو ئەوانەی لێبووردنیان بۆ دەرچووە، ناوی هەریەک لە ئۆریۆل خونکوێراس، جێگری سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا، راول رۆمیڤا، بەرپرسی پێشووی کاروباری دەرەوەی کەتەلۆنیا، جۆردی سانشێز، سەرۆکی گرووپێکی سەربەخۆییخواز، جۆرجی کیخارت، سەرۆکی رێکخراوی کولتووری ئۆمنیوم کەڵچراڵ هاتووە.
 
حکومەتی ئیسپانیا لەسەر گشتپرسییەکە دەیان بەرپرسی کەتەلۆنی خستە زیندانەوە، ئەو 9 بەرپرسە سزای زیندانی 9 بۆ 13 ساڵیان بەسەردا سەپێندرا بوو و سێ ساڵ و نیو حوکمیان لە زیندان تەواوکرد، بەرپرسەکان تۆمەتبارکرابوون بە نانەوەی پشێوی و خراپبەکارهێنانی داهاتی وڵات.
 
دەستپێشخەرییەکەی پێدرۆ سانشێز بۆ لێخۆشبوون لە 9 سەرکردە کەتەلۆنییەکە تۆنێکی ئاشتەوایی بەسەر کۆمەڵگەی ئیسپانیدا بڵاوکردەوە، بەڵام توڕەیی بەشێک لە کەتەلۆنییەکانی لێکەوتووەتەوە، کەتەلۆنییەکان لە خۆپێشاندانێکی فراواندا دژی بڕیارەکە وەستانەوە، گوتیان "تاوانێکمان نەکردووە تا خێرمان پێبکەن و لێمان خۆشبن.. ئێمە سەربەخۆییمان دەمەوێت". 
 
پێپ کە دانیشتووی بارسێلۆنایە، دەڵێت "من لەگەڵ ئەم لێخۆشبوونە نیم، ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، ئێمە داوای سەربەخۆییمان کردووە، ئەمە تەنیا ئازاری 9 خێزان چارەسەر دەکات".
 
پیدرۆ سانشێز لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی لێخۆشبوونەکە رایگەیاند، "ئەمە لەپێناو سازاندا دەکەین، لە دڵەوە دەیکەین.  دەشزانم کەسانێک هەن دژی ئەمەن". 
 
لە مەدرید بۆچوونەکان لە کەتەلۆنیا جیاوازن.. ئەوان پێیانوایە، حکومەت دەیسەلمێنێت سزای سەرکردە کەتەلۆنییەکان قورس بووە، لێخۆشبوونیش دەرگەی دیالۆگ دەکاتەوە.
 
ئیڤان کلیمینت، دانیشتووی مەدریدە و دەڵێت، "من زۆر سەبارەت بە پێکەوەژیان نازانم، بەڵام ئەوە دەزانم بەم جۆرە رێگە بەرەو دیالۆگ دەکرێتەوە، لەوانەیە هەڵە بم، بەڵام لە داهاتوودا دیالۆگ روودەدات، هیوادارم وابێت".
 
کەتەلۆنییەکان هێشتا سوورن لەسەر داواکاریی سەربەخۆیی، پێیانوایە ئەوان لەپێناو سەربەخۆیی 4 ساڵە مامەڵەی تووندیان لەگەڵ دەکرێت، ئێستاش ئامادەن، لەسەر هەمان رێگە بەرەوام بن.
 
کەتەلۆنییەکان لەکاتی خۆپێشاندانیشدا، دووبارە درووشمی سەربەخۆییان بەرزدەکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.