ئەم ساڵ 50٪ـی ئەو کۆچبەرانەی بە نۆکەندی ئینگلیزدا تێپەڕیون دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا و بەریتانیا توانیویانە 50٪ی ئەو کۆچبەرانە دەستبەسەر بکەن، کە ویستوویانە بە نۆکەندی ئینگلیزدا بگەنە بەریتانیا.
رۆژی چوارشەممە، 22-05-2024، ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی وڵاتانی ئەورووپا ناسراو بە (فرۆنتێکس) رایگەیاند، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 16 هەزار و 372 کۆچبەر هەوڵیانداوە لە فەرەنساوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بگەنە بەریتانیا. لەو ژمارەیە هەشت هەزار و 805یان واتە 54٪یان، لەلایەن پۆلیسی فەرەنسا و بەریتانیاوە دەستبەسەرکراون.
دەستگیرکردنی کۆچبەران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە. پار لە هەمان ماوەدا 42٪ی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵیان دابوو بە نۆکەندی ئینگلیزدا بپەڕنەوە دەستگیرکرابوون.
لە ئاداری 2023ـەوە سنوورە ئاوییەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا تووندتر کراون، ئەمەش لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنامەی ئەمنی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، بەریتانیا لە سێ ساڵی داهاتوو، 480 ملیۆن پاوەند دەداتە فەرەنسا بۆ تووندکردنی سنوورەکانی و دانانی کامێرای چاودێری و بەکارهێنانی درۆنی چاودێری.