رووداو - نیویۆرک
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق کۆبووەوە. جێنین هێنس پڵاسخارد، نوێنهری تایبهتیی سكرتێری گشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق (یۆنامی) راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی عێراق پێشکەشکرد.
دوای کۆبوونەوەکە جێنین هێنس پڵاسخارد بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پێش هەموو شتێک پێویستمان بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانە. دواتر پێویستە بکەوینە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، پێموایە ئەمجارە دەستپێدەکەین بە هەنگاونان بەرەوپێش".
ئەمجارە نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوازێکی جیاواز کار لەسەر مادەی 140ی دەستووری عێراق دەکات، کە تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، جێنین هێنس پڵاسخارد گوتی "لە من باشتر دەزانیت مادەی 140 ئەو بابەتەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە لەسەر مێزی گفتوگۆیە. پێموایە ئەمجارە کاتی ئەوەیە کە چارەسەر بکرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە، لەبری ئەوەی لەنێوان پەیوندی حکومەتی هەرێمی و حکومەتی فیدراڵیدا بمێنێتەوە".
ئەو راگەییێندراوەی بەرپرسی یەکەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوای نامەیەکی نێچیرڤان بارزانی هات بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش. یەكەمین داواكاری نێچیرڤان بارزانی دەربارەی كەركووك و ناوچە کێشەلەسەرەكان بوو کە رایگەیاندبوو، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێ "رۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت" وەكو ناوبژیكار و دەستپێكردنی "دایەلۆگێكی چڕ" لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەوانەش "جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق".
پێش سەردانەکەی بۆ نیویۆرک، جێنین هێنس پڵاسخارد لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و دۆخی ناوچه كێشهلهسهرەکانیان تاوتوێکرد. ههردوولاش جهختیان له ئاساییكردنهوهی دۆخی ئاسایش و گهڕانهوهی خهڵك بۆ ناوچهكان به ههماههنگیی ههولێر و بهغدا كردهوه.
زۆر جار لایەنی بێهێز لە شەڕ و کێشەیەکدا داوای ناوبژیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. کورد لە پرسی کەرکووک و مادەی 140 لایەنی بێهێزە و بوونی سەربازی و دەسەڵاتی نییە لەو ناوچانەدا، لەبەرئەوە نامە دوو لاپەڕەییەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ بێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017.
نوێنەرایەتی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دژایەتی ئەو بیرۆکەیەی نەکرد. لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایش، باڵیۆزی عێراق باشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر وەکو دەستکەوتێکی کابینەی عادل عەبدولمەهدی باسکرد.
محەممەد بەحرلعلوم گوتی "پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر لەوەتەی هەبووە ئەمڕۆ لە باشترین دۆخیدایە، ئەوەش بەردەوامدەبێت لەسەر ئەم هەوڵە هاوئاهەنگییانە".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەموو ساڵێك بە پڕۆژەبڕیارێك وادەی كاری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق درێژدەكاتەوە و ئەرك و كارە لەپێشینەكانی دیاریدەكات. لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ناڕەزایی بەغدا، بابەتی كەركووك و مادەی 140 نەكراوەتە ئەولەویەتی یۆنامی لە عێراق.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژکرانەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە زیاتر دەربارەی دەرئەنجامەکانی گرژییەکانی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا بوو لەسەر عێراق.
ڤیلادیمیر ساڤرۆنکۆڤ، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "هەوڵدان بۆ پاڵنان بەو وڵاتەوە بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو پێکدادانێکی دروستکراوەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە رەهایی ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت. هەروەها کاریگەریی نەرێنی دەبێت لە سەر دۆخی عێراق و تەواوی ناوچەکە".
هەر لەو بارەوە جێنین هێنس پڵاسخارد، نوێنهری تایبهتیی سكرتێری گشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان له عێراق گوتی "ئەوە بارێکی دیکەیە بۆ سەر شانی عێراق، دوایەمین شتە کە عێراق بیەوێت. بۆیە ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە عێراق پرسێکی هەیە لە پاراستنی خاکەکەی لەوەی کە نەبێتە شانۆیەک بۆ کێبڕکێ جیاوازەکان و عێراق بەشی خۆی هەیە".
هەروەها نوێنهری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راپۆرتەکەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەخنەی تووندی لە بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی لە عێراقدا گرت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود