ترەمپ بە تۆمەتی بەرتیلدان بە پۆرنستارەکە دادگایی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکەم دانیشتنی دادگە بۆ دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە تۆمەتی بەرتیلدان بە ئەستێرەیەکی فیلمە رووتەکان، دەستپێدەکات.
 
دادگەییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە دادگەیەکی ناوچەی مانهاتن لە شاری نیویۆڕک دەستپێدەکات و ترەمپیش ئامادە دەبێت.  وتە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەیسەکە وەردەگیرێت.
 
کەیسەکە پەیوەستە بە تۆمەتی بەرتیلدان بە ئەکتەری فیلمەکانی پۆڕن، ستۆرمی دانیاڵس تاوەکو بێدەنگ بێت و لە دژی ترەمپ قسە نەکات.
 
بڕیارە، ستۆرمی دانیاڵس لەلایەن داواکاری گشتیەوە بانگهێشتی دادگە بکرێت و وتەی لێوەربگیرێت. دانیاڵیس دەڵێت لە ساڵی 2006 پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ترەمپ هەبووە و ترەمپیش دەڵێت کەیسەکە بە سیاسی کراوە.
 
بڕیاریشە مایکڵ کۆهین، راوێژکاری یاسایی پێشووتری ترەمپ لەبارەی ئەو کەیسەوە قسە بکات. 
 
لەو کەیسەدا ترەمپی تەمەن 77 ساڵ، 34 تۆمەتی ئاراستە کراوە، لەوانە پێدانی 130 هەزار دۆلار بەو ئەکتەرە تاوەکو بێدەنگ بێت و هیچ قسەیەک لەبارەی پەیوەندییەکانیان نەکات. 
 
دانیاڵس دەڵێت، لە ساڵی 2016 تیمی ترەمپ ئەو بڕە پارەیەی وەکو بەرتیل داوەتێ، کە ئەوکات لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بوون و تیمی ترەمپ ترساون لەوەی ئاشکراکردنی ئەو پەیوەندییە رەنگە زیان بە هەڵمەتی سەرۆکایەتی ترەمپ بگەیێنێت.
 
ئەمە یەکەم دادگەییکردنی ترەمپە و لەسەر سێ کەیسی دیکەش دادگەیی دەکرێت.
 
بەگوێرەی زانیاریی پسپۆڕانی یاسایی ئەمریکا، ئەگەری زۆرە بە سزای دارایی و ئاگادارکردنەوە، کۆتایی بەو کەیسە بهێندرێت.
 
کەیسەکانی دیکە بریتین لە هاندانی لایەنگرانی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 لە دوای دۆڕانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە بایدن. هەروەها گوشارخستنە سەر بەرپرسانی هەمان هەڵبژاردن لە ویلایەتی جۆرجیا بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو ویلایەتە. لەگەڵ پرسی دەستکاریکردن و گواستنەوەی سەتان بەڵگەنامەی نهێنی لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا.