رووداو لە ئەڵمانیا دیبەیتێکی لەسەر دەستووری کاتیی سووریا بەڕێوەبرد؛ 'دەستووری کاتیی بێمانایە'

22-03-2025
تەنیا ئەحمەد
 لە دیبەیتەکەدا باس لە داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرا.
لە دیبەیتەکەدا باس لە داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووداو لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیاوە بەرنامەی دیبەیتی ئەمجارەی پێشکێشکرد؛ تێیدا گەنگەشەی داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هەروەها مافەکانی کورد کرا. سیاسەتڤانێکی کورد لە ئەڵمانیا پێی وایە دەستووری نوێی کاتیی سووریا مایەی گاڵتەجاڕییە.
 
ئەکیف حەسەن، سەرپەرشتیاری نەورۆزی ناوەندیی کۆڵن لەبارەی دەستووری نوێی سووریا باسی لەوە کرد، "لەو دەستوورە بێماناتر لە مێژووی هەموو جیهاندا نەبینراوە، بڕوام وایە بیدەیتە منداڵێک بیخوێنێتەوە پێی پێدەکەنێت. ئەمجارە ئەم یارییە بەسەر کورد دا تێپەڕ نابێت."
 
رۆژی 13ـی ئادار دەستووری کاتیی سووریا راگەیێنرا؛ لایەنە کوردستانییەکان و بەشێکی دیکە لە پێکهاتەکان گوتیان راگەیێنرداوی دەستووریی کاتی، بە شێوەیەکی رێکخراو مافەکانیان پێشێل دەکات و رەتیانکردەوە.
 
سیاسەتڤانێکی دیکە دەڵێت، ئەو مەرجەی ئەورووپا بە دەسەڵاتی نوێی سووریای داوە بۆ هاوکاریی ئابووری، بۆ کورد و پێکهاتەکانی دیکە گرنگە.
 
مەهمەت تانریڤەردی، جێگری سەرۆکی جڤاکا کورد لە ئەڵمانیا لەبارەی مەرجی ئەورووپا بۆ حکومەتی کاتیی سووریا دەڵێت، "وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەکاتی سەردانیان بۆ سووریا پەیامی باشیان بە کورد، دروز و عەلەوییەکان دا. هیوادارم کورد یەکگرتوو بن، داوای ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی بکەن."
 
پەرلەمانتارێکی کوردیش لە ئەڵمانیا دەڵێت، گەلی کورد لە چاوی ئەورووپییەکان گەورە و بەهادارن 
 
ژیان عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لەبارەی کورد لە چاوی دەوڵەتانی ئەورووپا باس لەوە دەکات، "گەلی کورد وەک پێش 20 ساڵ نییە. ئەمڕۆ گەلی کورد چەکی هەیە. شەڕڤانی هەیە، خوێنیان رژاوە، بەرگرییان کردووە. هەروەها گەلی کورد ئەوانە بوون کە توندڕۆکانی داعشیان خستە ژێر پێ. ئەورووپییەکان ئەوە دەزانن، ئەگەر کورد نەبوایە، نەیاندەتوانی لە سووریا و عێراق داعش تێکبشكێنن."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی خەڵکی قامشلۆ، یەکێک لە ئامانجەکانی حکومەتی ئەڵمانیا لە سووریا ئەوەیە، گوشار لە حکومەت بکات و زیاتر تاوتوێی پرسی کورد بکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە