رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی، هیوای "سەربەخۆیی بۆ هەموو کۆمەڵانی گەلی کورد" دەخوازێت.
رۆژی شەممە، 2ـی خاکەلێوە (22ی ئادار)، دەیان هەزار کەس لە گەورەترین ئاهەنگی رەوەندی کوردیدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کۆبوونەوە.
رالف ئیستەر، سەرۆکی شارەوانیی کۆڵن لەسەر سەکۆی ئاهەنگەکە بە ئاهەنگگێڕانی راگەیاند: "بە بۆنەی فێستیڤاڵی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین سڵاوی ئەنجوومەنی شاری کۆڵنتان پێ دەگەیێنم. شتێکی زۆر دڵخۆشکەرە کە ئێوە بەم ژمارە زۆرەوە هاتوونەتە دۆیتسەر ڤیەرفت بۆ ئەوەی پێکەوە ئاهەنگ بە بۆنەی فێستیڤاڵی نەورۆزەوە بگێڕن کە رەنگە دێرینترین فێستیڤاڵی مرۆڤایەتی بێت."
بەرپرسە ئەڵمانییەکە هەروەها گوتی: "بە هیوای ئاشتی بۆ هەموو خەڵک، بە هیوای ئازادی و سەربەخۆیی بۆ هەموو کۆمەڵانی گەلی کورد. شاری کۆڵن هیوای ساڵێکی خۆش، تەندروست و لەسەرووی هەموویەوە پڕ لە ئاشتی بۆ ئێوە و خێزانەکانتان دەخوازێت."
هاونیشتمانیان، بەشێکی زۆریان بە جلوبەرگی کوردییەوە، لە سەرانسەری ئەڵمانیا و ئەورووپا بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی سەری ساڵی 2725ی کوردییەوە بەشداری کەرنەڤاڵەکە بوون و ئاڵای کوردستان و لایەنە کوردستانییەکانی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوایان بەرزکردنەوە.
ئێلستەر گوتی: "گەلان و ئایینەکانی دیکەش پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن و لە جەژنی هاوشێوەدا، دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن بە سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا."
بە گوتەی سەرۆک شارەوانیی کۆڵن، جەژنی ئیستەر یاخود جەژنی هەستانەوەی عیسای مەسیح (د.خ)، "پەیوەندیی بە دابونەریتی دێرینی پێش ئایینی کرستیانەوە هەیە."
ئێلستەر ئاماژە بەوە دەکات، "دەتوانن هەست بە بوونی پەیوەندی" لە نێوان ئەو جەژنە کریستیانییە و نەورۆزدا بکەن، "چونکە ئەو شتەی کە لەم سەردەمەدا وەک ئاگری ئیستەر دەیناسین، رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتی خەڵکی رەسەنی ئەڵمانی" کە 500 ساڵ پێش زایین لە ئەڵمانیا ژیاون.
ئێلستەر گوتی: "لە سەرەتای هاتنی بەهاردا، ئەوانیش ئاگری گەورەیان دەکردەوە، پێیان دەگوترا ئاگری بەهار یان ئاگری خۆشی، بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە زستان بکەن و پێشوازی لە لەدایکبوونەوەی سرووشت بکەن."
سەرۆکی شارەوانیی کۆڵن هەروەها گوتی "بۆ کورد، نەورۆز زیاترە لەوەی تەنیا ئاهەنگی ساڵی نوێ یان کۆبوونەوەی خێزان بێت. بۆ ماوەی چەندین سەدە، بۆ کورد، هێمای هیوا و ئازادی بووە. هێمای هیوای سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینە. فێستیڤاڵی نەورۆز و ئاگرەکەی هێمای بەرخۆدانە دژی داگیرکاران. هێمای یەکگرتوویی کورد و کۆمەڵگەکەیەتی، هێمای ئەوەیە کە نەتەوەی کورد دەتوانێت پێکەوە بە شێوەیەکی دیموکراسی و بژی و چارەی خۆی دیاریبکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ