وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: تێبینی نیگەرانییەکانی راگەیێندراوی دەستووریی سووریامان کردووە

22-03-2025
دیار کوردە @diyarkurda
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکەن، بەتایبەتی دەستووری کاتیی ئەو وڵاتە کە لەلایەن دەسەڵاتی کاتیی سووریاوە ئامادە کراوە و لەلایەن پێکهاتەکانی وەک کورد و دروز رەتکراوەتەوە.
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئەمریکای راگەیاند: "ئێمە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین کە ئەحمەد شەرع شتێکی بەناوی راگەیێندراوی دەستووری واژۆکرد و تێبینیی ئەو نیگەرانییانەمان کردووە کە باس لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی شەرع دەکەن."
 
گوتەبێژەکە هەروەها گوتی: "بەردەوامین لە چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتی کاتی بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەوان دەتوانن ماف و مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو سووریاییەکان دەستەبەر بکەن و ئازادیی تاکەکەسی بپارێزن وەک لەو راگەیێندراوە دەستوورییەدا هاتووە. بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی خەڵکی سووریا."
 
سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کە ئەمریکا داوا دەکات بە گفتوگۆ کۆتایی پێ بهێندرێت پێش ئەوەی پەنا بباتە بەر بژاردەی دیکە، تامی برووس بە رووداوی گوت، واشنتن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا بۆ رێگریکردن لەو هەڕەشانەی کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە؛ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە "بە روونی رایگەیاندووە نابێت ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی هەبێت و ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لەوە."
 
برووس گوتی:"سەرۆک ترەمپ دووبارە هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشاری سەپاندووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، پەکخستنی بەرنامەی مووشەکی و وەستاندنی پشتگیریکردنی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان."
 

 
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن و تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 
 
رووداو: لەسەر سووریا دەمێنینەوە، ئێوە کەمێک باسی سووریاتان کرد، ویستم بزانم هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چییە سەبارەی بە دەستووری نوێی سووریا کە لەلایەن دەسەڵاتدارییەتی کاتی سووریا ئامادەکراوە و لەلایەن پێکهاتەکانی وەک کورد و دروز رەتکراوەتەوە و دەڵێن، بە نزیکەیی ئەم دەستوورە هیچ مافێکی بۆ کورد و دروز دەستەبەر نەکردووە؟"
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەتوانم پێتان بڵێم، ئێمە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین، کە ئەحمەد شەرع شتێکی بەناوی راگەیێندراوی دەستووری واژۆکرد و تێبینیی ئەو نیگەرانییانەمان کردووە کە باس لەبارەی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی شەرع دەکەن. وەک باسم کرد، بەردەوامین لە داواکردنی حکومەتێکی فرەلایەن بە سەرکردایەتییەکی سڤیلەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان کاریگەر، چالاک، رەوا بن. بەردەوامین لە چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتی کاتی بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانن ماف و مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو سووریاییەکان دەستەبەر بکەن و ئازادیی تاکە کەسی بپارێزن، وەک لەو راگەیێندراوە دەستوورییەدا هاتووە. واتە، ئێمە بەردەوامین لە چاودێریکردن. بە بڕوای من، ئەوە سرووشتی ئەو شتە دەردەخات کە ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. شتە سەرەکییەکە ئەوەیە، بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی خەڵکی سووریا. 
 
رووداو: سەبارەت بە ئێران، باسی ئێرانت کرد و پێم وایە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە بۆ ئێران زۆر روونە، بەڵام ئێرانییەکان رەتی دەکەنەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆتان لەگەڵ بکەن. پرسیارەکەم ئەوەیە، چ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەستی ئێوەدایە کاتێک پرسەکە پەیوەستە بە ئێران و رێگریکردن لەوەی دەستیان بە چەکی ئەتۆمی نەگات؟"
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بێگومان سزاکان کە سەپاندوومانن بۆ ئەوەی لانیکەم بڵێین مامەڵەی ئێران، وەک لە سەرانسەری جیهاندا دەزانین، هەڕەشە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا دەکات، هەربۆیە سەرۆک ترەمپ هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشاری سەپاندووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، پەکخستنی بەرنامەی مووشەکی و وەستاندنی پشتگیریکردنی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان. سەرۆک بە روونی رایگەیاندووە کە نابێت ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەمەش سزادانی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە یارمەتی ئەو هەوڵانەی ئێران دەدەن، هەروەها سزاکانی سەر کۆمپانیایەکی چین دەگرێتەوە. چەندین رێگەی دیپلۆماسی هەن کە دەکرێت بگیرێنە بەر. ئەم ئیدارەیە لەو رووەوە زۆر کاریگەر بووە، سەبارەت بە هەڵوێستەکەی لە بەرامبەر راگرتنی مامەڵەی شەڕەنگێزانە و لە هەمان کاتدا بڕوابوونی بەوەی کە دەبێت جەنگەکان کۆتاییان پێ بێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە