رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا پشتگیریی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل دەکات. گوتێرێزیش دەڵێت، ئەو کوشتارەی لە غەززە هەیە "لە ماوەی پۆستەکەمدا وەک سکرتێری گشتی هاوشێوەی نەبووە."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی برۆکسلی کردووە.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، بەڕای گشتیی رایگەیاند، غەززە پێویستی بە ئاگربەستە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئێمە پێویستمان بە ئاگربەستێکە لە غەززە، لە کاتێکدا ئێمە سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و پێشێلکارییەکانی دیکەی حەماس بۆ سەر یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەکەین، بە هەمان شێوە سەرکۆنەی ئەوە دەکەین کە دەبینین ژمارەیەکی بێشووماری خەڵکی سڤیلی کوژراو و بریندار لە غەززە هەن کە لە ماوەی پۆستەکەمدا وەک سکرتێری گشتی هاوشێوەی نەبووە."
گوتێرێز گوتیشی: "بنەمایەکی سەرەکیی یاسای مرۆیی بریتییە لە پاراستنی خەڵکی سڤیل. پێویستە بە بنەماکانەوە پابەند بین، چ لە ئۆکراینا بێت یان غەززە، بێ دووڕوویی. لە هەمان کاتدا پێویستە گوشار لە جیهان بکەین بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو شێوەیەکی رێکوپێکی فرەجەمسەری بنێت و دامەزراوەی فرەلایەنی بەهێزی هەبێت."
ئەڵمانیا لە دژی هێرشێکی فراوانە بۆ سەر رەفەح لە باشووری غەززە و دەیەوێت ئاگربەستێک بە مەرجی رادەستکردنی دیل و تەرمەکانی ئیسرائیل لەلای حەماس رابگەیێندرێت.
ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ هێرشێکی گەورە بۆ سەر رەفەح نین؛ ئەمەم بە ئیسرائیلیش گوتووە و ئێمە بە هیواین کە دەرفەتی ئاگربەستێکی درێژخایەن دروست ببێت؛ پەیوەست بێت بە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، ئەوەش گرنگە کە تەرمەکان رادەست بکرێت کە واتایەکی گەورەی هەیە بۆ کەسوکاری کوژراوان. لە هەمان کاتیشدا ئەوە پرسێکی سەرەکییە کە دەبێت هاوکاری مرۆیی بگاتە نێو غەززە."
هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا وەکو دامەزراوە، جیا نییە لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات، "دۆخی غەززە بە جۆرێکە کە لووتکەی خراپیدایە و هیچ دۆخێک وەک ئەوەی غەززە نییە. خۆشحاڵم کە ئەمرۆ ئەنجوومەن ئەو ئەنجامانە پەسند دەکات کە مەودایەکی دوورتر دەبڕن لە ئەنجامەکانی مانگی ئۆکتۆبەر کاتێک داوای ئاگربەستی مرۆیی کاتیمان کرد."
بۆرێل گوتیشی، "ئەمڕۆ ئەنجوومەن دوورتر دەڕوات و پشتیوانیی ئونروا دەکات و داوای ئاگربەستێکی بەردەوام دەکات. بێگومان لە هەمان کاتدا داوای ئازادکردنی بارمتەکان دەکات لەگەڵ سەرکۆنەکردنی حەماس، هەروەها نیگەرانیی گەورە بۆ دۆخی مرۆیی غەززە نیشان دەدات کە مایەی قبووڵکردن نییە."
ئەلکساندەر دێ کڕۆ، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا سیاسەتڤانێکی تەمەن 48 ساڵییە و نزیکەی چوار ساڵە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە؛ دەیەوێت یەکێتیی ئەوروپا لە هەڵوێستەکانیدا بەرامبەر بە دۆخی غەززە و ئیسرائیل سەرکێشی بکات.
سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت: "ئەوروپا پێویستە سەرکردایەتی بکات، نەک شوێن ئەوانی دیکە بکەوێت. کاتی ئەوەیە ئێمە راشکاو بین و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ بکەین و داوای ئازادکردنی بارمتەکان بکەین و هەموو لایەک بخەینە سەر رێچکەی دانوستاندن لە پێناو چارەسەری دوو دەوڵەت."
ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە دەدات.
ئەمریکا لە پرۆژەیاساکەدا داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی شەش هەفتە و ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس دەکات.
ئەلکساندەر دێ کڕۆ لەو بارەیەوە گوتی، "ئەوەی کە ئەمریکا دوێنی لە ئەنجوومەنی ئاساییش وەک پێشنیازێک خستییەڕوو، نموونەیەکی باشە. بەڵام ئێمەی ئەوروپی، نابێت شوێنکەوتوو بین، دەبێت سەرکردایەتی بکەین. کاتی ئەوەیە ئیدی تووندوتیژی کۆتایی بێت و کوشتنی خەڵکی سڤیلی بێگوناهیش بوەستێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ