UN یەکەم پڕۆژەبڕیاری لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد پەسند کرد


رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆی دەنگ یەکەم پڕۆژەبڕیاری جیهانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد پەسند کرد، کە بەوپێیە، لەگەڵ چاودێریی مەترسییەکانی تەکنەلۆژیاکە، وابکات پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکات و زانیاریی نهێنیی تاک بپارێزێت. 
 
شەوی پێنجشەممە، 21-3-2024 نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەبڕیارەکەی پەسندکرد، کە لەلایەن زیاتر لە 120 وڵات لەوانە ئەمریکا و چین سپۆنسەر کرابوو. 
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، "تەواوی 193 وڵاتی ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە یەک دەنگ قسەیان کرد و پێکەوە بڕیاریاندا حوکمی ژیریی دەستکرد بکەین لەجیاتی ئەوەی ئەو حکوممان بکات." 
 
پێشکێشکردن و پەسندکردنی پڕۆژەبڕیارەکە، دوایین هەنگاوی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی جیهانە لە بەرامبەر بە گەشە و پێشکەوتن و مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، ئەمەش لەو کاتەی مەترسیی زۆر هەیە کە رەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی کێشەی زیاتر بۆ وڵاتان لە پرسی ساختەکاری، لەدەستدانی کار و چەندین کێشەی دیکەش. 
 
بەگوێرەی دوایین رەشنووسی پڕۆژەبڕیارەکە، "دیزاینکردنی مەترسیدار و پەرەپێدانی سیستمی ژیریی دەستکرد رەنگە مەترسی لەسەر تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ و مافەکانی و بنەماکانی ئازادیی تاک دروست بکات."
 
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، ئەمریکا، بەریتانیا و نزیکەی 12 وڵاتی دیکە، یەکەم پڕۆژەیاسایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کرد، بۆ مەبەستی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەسەر رێکار و بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد و پاراستنی ئەو سیستمە لەدەست گرووپە مەترسیدار و نایاساییەکان. 
 
ئەم هەنگاوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدایە لەسەرەتای ئەم مانگەش یەکێتی ئەوروپا بەزۆرینەی دەنگ رەشنووسێکیان تایبەت بە ژیریی دەستکرد پەسند کرد بۆ چاودێریکردنی تووندی ئەو تەکنەلۆژیایە.
 
هەروەها ئیدارەی بایدنیش گوشاری خستووەتە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا تاوەکو یاسایەک بۆ رێکخستنەوە و چاودێریکردنی ئەو سیستمە پەسند بکات، بەڵام تائێستا کۆنگرێس هیچ هەنگاوێکی لەسەر ئەو پرسە نەناوە. 
 
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆژەبڕیارەکە بۆ ئەوەیە گۆڕانی دیجیتاڵی بەرەوپێشەوە ببات نەک بەربەستی بۆ دروست بکات. هەروەها دەستڕاگەیشتنی یەکسان هەبێت بۆ ژیریی دەستکرد کە یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی تاوەکو 2030 داهاتوویەکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی دابین بکات. 
 
بەشێوەیەکی گشتیش، پڕۆژەبڕیارەکە جەختی زیاتر لەسەر لایەنی ئەرێنیی توانا شاراوەکانی ژیریی دەستکردە.