بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان و هەموو پارێزگاکان لەو هاوکارییە تەندروستییە بدرێ، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی پێشکەشی عێراقی کردووە.
بەشیر حەداد لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی خۆی لەسەرە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "بەپێی ژمارەی دانیشتووان پشکی هەرێمی کوردستان و هەموو پارێزگاکان لەو هاوکارییە تەندروستییە بدات، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی پێشکەشی عێراقی کردووە و بریتییە لە هاوکاریی دارایی و دەرمان و پێداویستیی تەندروستی".
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 233 تووشبوو، کە 57 تووشبویان چاکبوونەتەوە و 20 تووشبووشیان مردوون.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش تووشبوونی 54 کەسی بە ڤایرۆسەکە راگەیاندووە کە 13 کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێکیان گیانیان لەدەستداوە. رۆژی شەممە بۆ یەکەمجار تووشبوون بە کۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین و قەزای دەربەندیخان تۆمارکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ